پێشمهرگه، فیدراڵیهتی سووریا و ئاڵۆزییەكانی نێوان توركیا و پەكەكە، گفتوگۆی نێوان سهرۆك بارزانی و نوێنهری سهرۆك ئۆباما بوون

ههولێر-KDP.info- له دیداری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نوێنەری تایبەتی (سەرۆك ئۆباما)دا، جیا له باسی هەوڵەكانی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدان و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە، هاوكات بیرۆكەی فیدرالیزم له سووریا خرایه هبر باسهوه و بیروڕایش لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان توركیا و پەكەكە و مەترسییەكانی تەشەنەسەندنی گرژییەكان ئاڵوگۆڕ كرا.
ئهمڕۆ هەینی لە سەلاحەددین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (برێت مەكگورك) نوێنەری تایبەتی (سەرۆك ئۆباما) بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵهتیی شەڕی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە (ستیوات جۆنز) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و (ماتیوس میتمان) كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرپرسانی باڵای سوپای ئەمەریكا لە عێراق.
لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی (سەرۆك ئۆباما) لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵهتیی شەڕی دژی داعش باسی هەوڵەكانی وڵاتەكەی كرد بۆ یارمەتیدان و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە و (سەرۆك بارزانی)ی لە هەنگاوەكانیان بۆ جێبەجێكردنی گەیاندنی هاوكاری بۆ هێزی پێشمەرگە ئاگادار كردەوە.
هەر لەم دیدارەدا باس لە ئامادەكارییەكانی ئۆپهڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ بە بەشداریی هێزەكانی عێراقی و هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان كرا؛ جەختیش لە پێویستیی بوونی ڕێككەوتنێكی سیاسی لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كرایەوە بۆ قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ ئەویش بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی كێشە و گرفت لە بەڕێوەبردن و پاراستنی ناوچە ئازادكراوەكان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و ئاییندەی ئەو وڵاتە كرا و، بیرۆكەی فیدرالیزم بۆ ئەو وڵاتە و هەروەها بیروڕا لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان توركیا و پەكەكە و مەترسییەكانی تەشەنەسەندنی گرژییەكان ئاڵوگۆڕ كرا.




