٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی بۆ تاقانەکانی هەڵەبجە: كوردستان چیتر ناتوانێت قوربانی بدات و بە پاشكۆیی بمێنێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆك بارزانی) لەدیداریدا لەگەڵ تاقانەکانی هەڵەبجە، رایگەیاند"ئێوە و خەڵكی خۆڕاگری هەڵەبجە زۆر تایبەتن و قوربانیدانی ئێوە دەرگەی لەسەر گەلی كوردستان كردەوە و وەرچەرخانێك بوو لە مێژووی گەلەكەتان و قوربانیدانی هەڵەبجە بۆ سەربەرزی و ئازادیی گەلی كوردستان بوو بۆیە خزمەتكردنی ئێوە گەورەترین سەروەرییە بۆ هەموومان."

ڕۆژی چوارشەممە 16ـی 3ـی 2016 لە سەڵاحەدین (مەسعوود بارزانی) پێشوازی لەو تاقانانەی شاری هەڵەبجە كرد كە تەواوی كەسوكاریان لە كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا شەهید بوون.
لە دیدارەكەدا تاقانەكانی هەڵەبجە سوپاسی خەمخۆریی سەرۆك بارزانی و ڕەخساندنی دیدارەكەیان كرد و باسیان لە ئاسەوارەكانی كارەساتی هەڵەبجە و ئەو كێشە و گرفت و ئازارانە كرد كە تاقانەكان و خەڵكی هەڵەبجە هەیانە و سەرۆك بارزانیان لە كێشەكانی خەڵكی هەڵەبجە و بابەتی ونبووەكانی شاری هەڵەبجە و هەروەها گوزەرانی بریندارەكانی كارەساتی هەڵەبجە و قەرەبووكردنەوەی خەڵكی هەڵەبجە ئاگادار كردووە و داوایشیان كرد لەڕووی یاساییەوە لە ڕێگەی پڕۆژە یاسایەك ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی مافەكانی كەسوكاری قوربانیانی هەڵەبجە و ئەوانەی بە تەنیا ماونەتەوە و تەواوی كەسوكاریان لە كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا شەهید بوونە. هەروەها سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ خزمەتكردنی هەڵەبجە و بەپارێزگاكردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شاری هەڵەبجە لە ماوەی ڕابردوو و داوایشیان كرد سەرۆك بارزانی پشتیوانی ماف و داواكارییەكانیان بێت.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی كردن و لە گوتەیەكدا ڕایگەیاند كە ئەوان تاقانە و بێ كەسوكار نین و هەموو كوردستانییەك خوشك و برا و كەسوكاری ئەوانن و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە خەم و ئازار و ئێشەكانیان دەگات و خۆی بە هاوسۆز و هاوبەشی ئازاری تاقانەكانی هەڵەبجە زانی و جەختی لەوە كردەوە كە كارەساتی هەڵەبجە برینێكی قووڵە و هەرگیز لەیاد ناچێت و ناشتوانین لە یادی بكەین و بە پێویستیشی زانی كار بۆ نەهێشتنی ئاسەوارەكان بكرێت و دەبێ بە هەموو توانایەك هەوڵ بدەین چیتر كارەسات بەسەر میللەتەكەماندا نەهێت.

لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە نەهامەتی و كارەساتەكان كرد كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و كارەساتی هەڵەبجەیش زنجیرەیەك بووە لەو كارەساتانە لە بێسەروشوێنكردنی 12000 گەنجی فەیلی و 8000 بارزانی و 182000 ئەنفال بگرە هەتا كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكانمان لە شنگالدا هاتووە. سەرۆك بارزانی باسی لە مەزنی و ڕەسەنایەتی و ڕەوشتی بەرزی گەلی كوردستان كرد كە سەرباری ئەو كارەسات و زوڵمەی دەرهەقی كراوە دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبرد و ئەوە مەزنی و گەورەیی بوو كە جیهان ناچارە سەری بۆ دابنوێنێ و ڕێزی لێ بگرێت. سەرۆك بارزانی بە تاقانەكانی هەڵەبجەی ڕاگەیاند كە ئێوە و خەڵكی خۆڕاگری هەڵەبجە زۆر تایبەتن و قوربانیدانی ئێوە دەرگەی لەسەر گەلی كوردستان كردەوە و وەرچەرخانێك بوو لە مێژووی گەلەكەتان و قوربانیدانی هەڵەبجە بۆ سەربەرزی و ئازادیی گەلی كوردستان بوو بۆیە خزمەتكردنی ئێوە گەورەترین سەروەرییە بۆ هەموومان.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی پڕ لە كارەساتی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق هێمای بەوەدا كە بۆ ئەوەی كۆتایی بە كارەساتەكان بێت و بتوانین خۆمان بپارێزین دەبێ بیر لە ڕێگەچارەیەكی تر بكەینەوە و كوردستان چیتر ناتوانیت قوربانی بدات و بە پاشكۆیی بمێنێتەوە و شەراكەتیشی قبووڵ نەكرێت و ئەو بارودۆخە نالەبارەی ئێستا بەسەر عێراقدا هاتووە كوردستان لێی بەرپرس نییە. سەرۆك بارزانی باسی لە قەیرانی دارایی هەرێمیش كرد و دڵنیایی دا كە ئەم قۆناغە سەختەیش هەر وەك قۆناغەكانی دیكە بە سەركەوتوویی تێدەپەڕێندرێت. پەیوەست بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمیش سەرۆك بارزانی باسی لە چارەنووسی هاوبەشی گەلی كوردستان كرد كە دەبێ هەموو لایەك وانە لە هەڵەبجە و قوربانیدانەكەی وەربگرن و تەبا بین و لەبری ئەوەی سەرقاڵی دروستكردنی گرفت بۆ یەكتر بین با بێین و بیر لە هەڵەبجە بكەینەوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە دوژمنان و نەیارانی كوردستان هەموومان بە یەك چاو سەیر بكات و جیاوازی لە نێوانمان نەكات بۆ ئێمە لە نێوان خۆمان جیاوازی بكەین؟

لە كۆتاییدا سەرۆك بارزانی بەڵێنی ئەوەی دا كە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ هێنانەوەی ونبووەكانی كارەساتی هەڵەبجە و هەروەها بەردەوامبوون لە چارەسەركردنی بریندارانی كارەساتی هەڵەبجە.

هەواڵی پەیوەندیدار