٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

بەرپرسی كۆمیسۆنێری باڵای پەنابەران، بۆ سەرۆک بارزانی: سوپاس بۆ ئێوە جیهانتان رزگار کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی كۆمیسۆنێری  باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و پێشمەرگەی كرد كە توانیان هێڵی یەكەمی بەرگریكردن لە جیهان بن و جیهانییان بپارێزن و ڕایگەیاند، سوپاس بۆ ئێوە كە جیهانتان ڕزگار كرد.

ڕۆژی یەكشەممە 13ـی 3ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (برۆنۆ جێدۆ) بەرپرسی كۆمیسیۆنێری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بەرپرسی كۆمیسیۆنێری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق  سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ گەلی كوردستان بۆ میوانداریكردنی پەنابەر و ئاوارەكان و دڵفراوانیی گەلی كوردستانی بە نموونەیەكی پرشنگداری یارمەتیدان و میوانداری لە ئاستی جیهاندا وەسف كرد و ئەوەیشی خستەڕوو كە بارودۆخ و گوزەرانی پەنابەران لە كوردستان بە بەراورد لەگەڵ شوێنەكانی دیكە گونجاوتر و باشترە و سوپاسی هەماهەنگی و ئاسانكاریی حكوومەتی هەرێم كوردستانیشی كرد بۆ یارمەتیدان لە جێبەجێكردنی ئەرك و كاری ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكاندا.

ئەو بەرپرسەی كۆمیسیۆنێری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەستخۆشی لە سەركردایەتیكردنی سەرۆك بارزانی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و سوپاسی سەرۆك و پێشمەرگەی كرد كە توانیان هێڵی یەكەمی بەرگریكردن لە جیهان بن و جیهانییان بپارێزن و ڕایگەیاند سوپاس بۆ ئێوە كە جیهانتان ڕزگار كرد. لە درێژەی قسەكانیشیدا باسی لە چالاكی و پلانەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و دابینكردنی خزمەتگوزاری و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان كرد بە تایبەت لە دەڤەری شنگال و زوومار و ڕەبیعە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ ئەرك و ماندووبوونی كارمەندانی كۆمیسیۆنێری باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق هەبوو و دەستخۆشی لێ كردن. هەروەها باسی لە گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران كرد و ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان یارمەتیدانی پەنابەر و لێقەوماوانی بە ئەركێكی نیشتیمانی و مرۆڤی زانیوە و هێمایشی بەوەدا كە حكوومەتی عێراق بە ئەرك و پابەندبوونەكانی خۆی لە بەرانبەر ئاوارەكانی ناوخۆ هەڵنەستاوە و حكوومەتی هەرێم ئەوەی لەدەستی هاتووە بۆ پەنابەران ئەنجامی داوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنیش تەنیا بۆ ڕەچاوكردنی بارودۆخی ئەمنی و پاراستنی ئاوارەكان بووە.

هەواڵی پەیوەندیدار