٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

باڵیۆزی رووسیا، پێداگری هاوسۆزی وڵاتەکەی بۆ هەرێم دووپات کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق رایگەیاند کە، هاتووە بۆ ئەوەی پێداگریی وڵاتەكەی لەسەر هاوسۆزی و بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دووپات بكاتەوە و ئامادەیی ڕووسیایشی نیشاندا بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە لەڕووی سەربازی لە شەڕ دژی تیرۆریستاندا.

ڕۆژی یەكشەممە 13ـی 3ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (ئیڵیا مۆڕگونۆڤ) باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی وڵاتەكەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا و عێراق بۆ (سەرۆك بارزانی) شیكردەوە و ڕایشیگەیاند كە هاتووە بۆ ئەوەی پێداگریی وڵاتەكەی لەسەر هاوسۆزی و بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دووپات بكاتەوە و ئامادەیی ڕووسیایشی نیشاندا بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە لەڕووی سەربازی لە شەڕ دژی تیرۆریستاندا. باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق پیرۆزبایی یادەكانی ئادار و نەورۆز و یادی لەدایكبوونی بارزانیی نەمری لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد و هەروەها بە پێزانینەوە باسی لە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی شەڕەكان كرد و ستاییشی قوربانیدان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستاندا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كورد و ڕووسیا سوپاسی هاوكارییەكانی وڵاتی ڕووسیای كرد. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە قەیرانەكانی ناوچەكە و شەڕی تیرۆریستان كرد و پەیوەست بە سووریا سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لەبەرانبەر لایەنەكانی سووریا و حكوومەتی سووریا لەسەر هەڵوێستی ئەوان لەمەڕ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و داننان بە مافی گەلی كوردستان لە سووریا وەستاوە.
لە بەشێكی ئەم دیدارە باس لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ئاییندەی عێراق و ئازادكردنی مووسڵ كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارە شاندێكی باڵای كۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسی ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون و سەرۆك بارزانیان لە پلان و كار و چالاكییەكانیان لە هەرێمی كوردستان ئاگادار كردەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار