"قەداسەتی پاپا بە پەڕۆشییەوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی كوردستان و عێراق و ناوچەكە دەكات"

هەولێر-KDP.info- لەدیداریدا لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)، باڵیۆزی تازەی وڵاتی ڤاتیكان لە عێراق پیرۆزبایی یادی ڕاپەڕین و بۆنەكانی مانگی ئاداری لە (سەرۆك بارزانی) كرد و هەروەها رایگەیاند کە، قەداسەتی پاپا بە پەڕۆشییەوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی كوردستان و عێراق و ناوچەكە دەكات.
ڕۆژی شەممە 5ـی 3ـی 2016 لە سەلاحەددین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (ئەڵبێرت مارتن ئۆرتێگا) باڵیۆزی تازەی وڵاتی ڤاتیكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە مەتران بەشار مەتی وەردە سەرۆكی كەنیسەی كاسولیكی كلدانی لە هەولێر و مەتران یوحەننا پترۆس موشی مەترانی تاییفەی سریان كاسۆلیكی موسڵ و كوردستان و مەتران نیقۆ دیمۆس داود مەتی شەرەف مەترانی تاییفەی سریان ئەرتەدۆكس لە موسڵ و كوردستان.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی تازەی ڤاتیكان لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە نیشاندا و پیرۆزبایی یادی ڕاپەڕین و بۆنەكانی مانگی ئاداری لە (سەرۆك بارزانی) كرد و وێڕای ئاماژەدان بە سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ ڤاتیكان و پەیوەندیی تایبەتی نێوان هەرێمی كوردستان و ڤاتیكان، سڵاوی قەداسەتی پاپای ڤاتیكانی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە قەداسەتی پاپا بە پەڕۆشییەوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی كوردستان و عێراق و ناوچەكە دەكات. هەروەها پێزانینیشی هەبوو بۆ خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارەیان بە بێ جیاوازی پەنا داوە كە لە دەستی تیرۆر و چەوساندنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە. باڵیۆزی ڤاتیكان جەختی لە بایەخی پێكهاتە ئایینیەكان كردەوە كە دەتوانن ڕۆڵێكی گەورە لە دروستبوونی پێكەوەیی و سەقامگیری و ئاشتیدا بگێڕن. هەروەها دەركەوتنی تیرۆر و توندوتیژی بە دەرفەتێكیش زانی بۆ ئەوەی ئەوانەی بیر لە ئاشتی و پێكەوەژیان دەكەنەوە لە یەكتر نزیكببنەوە و هانی بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی بدەن.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان ستاییشی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەیان كرد لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش و ئاماژەیان بە گوتەی سەرۆك بارزانی دا كە لە كوردستان هەموو پێكهاتەكان لە مەرگ و ژیاندا بە سەربەرزی بەیەكەوە دەبن و داوایشیان كرد كە هێزی پێشمەرگە ناوچەكانیان لە داگیركاریی تیرۆریستان رزگار بكات.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی باڵیۆزی ڤاتیكانی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك تازەكەی و پێزانینیشی هەبوو بۆ بایەخدان و پەرۆشیی قەداسەتی پاپا و لە وتەیەكیدا باسی لە هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر ئاساییشی جیهان كرد و ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان و پێشمەرگە بە شانازییەوە ئەفسانەی داعشی شكاند و ئەركی خۆی بە جێ گەیاند و بە پێویستیشی زانی كە جیهان بە شێوەیەكی جدیتر و لە هەموو ڕەهەندێكەوە بە ڕووی تیرۆردا بهێتەوە. پەیوەست بە حەواندنەوەی ئاوارەكان سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕاگەیاند كە گەلی كوردستان بە ئەركی مرۆڤیی خۆی هەڵساوە لە یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران و وێڕای ئاماژەدان بە فەرهەنگی قووڵی پێكەوەژیان لەناو گەلی كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە هەموومان مرۆڤین و هیچ كاتێك نابێ پرسیار لە ئینتیمای ئایینیی كەسێك بكرێت بەڵكو ئەوەی گرنگە هاووڵاتیبوونە و دەبێ پرسیار لە كردەوە و هەڵسوكەوتی كەسەكان بكرێت. (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەسەر بەڵێنی خۆی سوورە كە هەموو ناوچەكان لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش دەربهێنێت و خوشك و برا كریستیانەكان بە سەربەرزی و ئازادی دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان و بە پێویستیشی زانی كە ڕێوشوێنی وا بگیرێتەبەر كە پێكهاتەكان دڵنیایی تەواویان لە داهاتووی خۆیان هەبێت و چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە.




