٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: "چاکسازی لە خۆمەوە دەست پێ دەکەم"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆک بارزانی) لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیدا، بە کۆبووەوەکانی ڕاگەیاندووە "چاکسازی لە خۆمەوە دەست پێ دەکەم".

پێرێ شەممە، بە سەرپەرشتیی سەرۆک، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ بووەوە و، تێیدا سەبارەت بە بڕیارەكانی (سەرۆك بارزانی) دەربارەی پرۆسەی چاكسازی، چ لە ئاستی حكوومەتی هەرێم و چ لە ئاستی ناوخۆی حزبدا، گفتوگۆ كرا و، كۆبوونەوە دووبارە پشتگیری و ئامادەیی خۆی بۆ ئەو بڕیارانە و ئالیەتی گونجاو سەبارەت بە هەنگاوەكان دەربڕی.

ڕۆژنامەی هەولێر لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا ئاماژەی داوە کە، لە دواکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، سەرۆک (مەسعوود بارزانی، جەختی لەسەر جیددیەتی بەرنامەی چاکسازیی ئیداری و دارایی لە ڕیزەکانی پارتی و لە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کردووەتەوە.

ئەوەش ئاشکرا کراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاندووە: "هیچ کەس و دەزگا و دامەزراوەیەک لە سەرووی لێپرسینەوە و پێداچوونەوە و بەدواداچووندا نین و لەپێناو جێبەجێکردنی عەدالەت و شەفافیەت و چارەسەری گرفتەکاندا، هەرچی پێویست بێت، دەبێت بکرێت."

هاوکات (سەرۆک بارزانی) ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە: "چاکسازی لە شەخسی خۆمەوە دەست پێ دەکەم."
 

هەواڵی پەیوەندیدار