٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

"یەكێتیی ئەورووپا پێوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی تازەی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق رایگەیاند، گەلی كوردستان لە ئەورووپا دۆستی زۆری هەیە و، یەكێتی ئەورووپایش پێوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە و لە فراوانكردنی ئەو پەیوەندییەدا بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی یەكشەممە 28ـی 2ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (پاتریك سیمۆنت) باڵیۆزی تازەی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا كە باڵیۆزی تازەی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق بە مەبەستی خۆناساندن و ئاگاداربوون لە سیاسەتی (سەرۆك بارزانی) لەمەڕ پێشهاتە سیاسییەكان سەردانی (سەرۆك بارزانی) كردبوو، وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە گەلی كوردستان لە ئەورووپا دۆستی زۆری هەیە، ڕایگەیاند كە یەكێتی ئەوروپا پەیوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە و لە فراوانكردنی ئەو پەیوەندییەدا بەردەوام دەبێت. هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە یەكێتیی ئەورووپا پێزانینی هەیە بۆ شێوازی پێشكەوتن و ئەو ژینگە دۆستانەیەی كە بۆ چالاكیی ئابووری لە كوردستاندا ڕەخساوە و ستاییشی ڕۆڵ و ئازایەتی و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و، ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە یەكێتیی ئەوروپا تێگەییشتنی هەیە لەو بارودۆخە سەختە ئابوورییەی كە بەهۆی خەرجییەكانی شەڕ و حەواندنەوەی ئاوارەكان و دابەزینی نرخی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە ئارا و سەرۆك بارزانیشی لە هەوڵەكانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ دۆزینەوەی ڕێگە بۆ یارمەتیدانی دارایی هەرێمی كوردستان ئاگادار كردەوە.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی تازەی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق خواست لە ئەرك و كاری نوێیدا و لە گوتەیەكدا باسی لە هەڕەشەی تیرۆر و توندڕۆیی بۆ سەر جیهان كرد و وێڕای ئاماژەدان بە خۆڕاگری و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە ڕۆشنایی خستە سەر ئەو تێچوونە مرۆیی و ئابوورییەی كە لە ئەنجامی شەڕ و هاتنی ئاوارەكان و دابەزینی نرخی نەوت بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حكوومەتی عێراقی لە یارمەتیدانی هەرێم بۆ ئاوارەكان كاریان بە پابەندبوونەكانی خۆیان نەكردووە. (سەرۆك بارزانی) هێمای بە قەیرانی دارایی هەرێم دا و باسیشی لەو هەنگاوانە كرد كە حكوومەتی هەرێم بۆ چارەكردنی قەیرانەكە ناویەتی.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی ئاییندەی عێراق و مافەكانی گەلی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و باڵیۆزی تازەی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە كە سەقامگیری و پێشكەوتنی كوردستان بۆ یەكێتیی ئەوروپا جێگەی بایەخە و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لەسەر پرسە سیاسی و هەنووكەییەكان لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار