٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە مەراسیمی ڕۆژی نیشتیمانیی کوەیتدا کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە مەراسیمی ڕۆژی نیشتیمانیی کوەیتدا کرد و، كۆنسووڵی گشتیی کوەیتیش لە هەولێر ستاییشی ڕۆڵی (سەرۆک بارزانی) لە سەرکردایەتیکردنی شەڕ دژی تیرۆریستان و ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی بەها مرۆڤییەكان کرد و، سەرەخۆشیی لە خانەوادەی شەهیدانی کوردستان کرد.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 24ـی 2ـی 2016 بەڕێز (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەی مەراسیمی 55 ساڵەی ڕۆژی نیشتیمانیی کوەیت و 25 ساڵەی ئازادیی کوەیت بوو. ئەو مەراسیمە كە لە شاری هەولێر و لە هۆتێل دیوان بەڕێوەچوو لە لایەن كونسوڵخانەی کوەیت سازدرا بوو و ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی حكوومی و سیاسی و كەسایەتی و دیپلۆماتكار و میوانە بیانییەكان ئامادەی مەراسیمەكە بوون.

لە سەرەتای مەراسیمەكەدا (دکتۆر عومەر ئەحمەد ئەلکەندەری) كۆنسووڵی گشتیی کوەیت لە هەولێر لە وتەیەكدا بەخێرهاتنی (سەرۆك بارزانی) و میوانەكانی كرد و لە قسەكانیدا ستاییشی ڕۆڵی (سەرۆک بارزانی) لە سەرکردایەتییکردنی شەڕ دژی تیرۆریستان و ڕۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی بەها مرۆڤییەكان کرد و سەرەخۆشیی لە خانەوادەی شەهیدانی کوردستان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. کونسوڵی کوەیت لە درێژەی وتارەکەیدا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و جەختى لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا کردەوە.

پاشان وتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوێندرایەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە گەل و حكوومەتی کوەیت كرد بەبۆنەی ڕۆژی نیشتیمانی و یادی ئازادکردنی کوەیت. هەروەها جەختی لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی کوەیت کردەوە و داوایشی لە وڵاتی کوەیت كرد كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بن لە هاوكاریكردن و یارمەتیدانی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێمی كوردستاندا ژیان بەسەر دەبەن.

هەواڵی پەیوەندیدار