٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی هەرێم و كۆنسووڵی گشتیی شانشینی سعوودیە، جه‌ختیان له‌ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرده‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ كۆنسووڵی گشتیی شانشینی سعوودیە لە هەولێر، بیروڕایان لەبارەی مەترسییەكانی تیرۆر و هەڕەشەی هزری توندڕۆیی لەسەر ئاساییش و سەقامگیریی ناوچەكە و، پێكەوەژیانی نێوان گەلان ئاڵوگۆڕ كرد.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 24ـی 2ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (د. عەبدولمونعم عەبدوڵڕەحمان مەحموود) كۆنسووڵی گشتیی شانشینی سعوودیە لە هەولێر و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا كۆنسووڵی گشتیی شانشینی سعوودیە لە هەولێر خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و دەستبەكاربوونی وەك یەكەم كۆنسووڵی وڵاتەكەی لە هەولێری پایتەخت نیشان دا. هەروەها سڵاوی پاشا و هەردوو جێنشین و وەزیری دەرەوەی سعوودیەی بە (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان گەیاند.
جەختیشی لەوە كردەوە كە كار بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و قووڵتركردنی دۆستایەتی نێوان گەلی كوردستان و گەلی سعوودیە دەكات.

لەبەرانبەردا، (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و كارەكان بۆ كۆنسووڵی گشتیی وڵاتی سعوودیە خواست و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوولا، پێشوازی لە توندوتۆڵتركردنی دۆستایەتی و برایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی سعوودیە كرد.

هەر لەم دیدارەدا بیروڕا لەبارەی مەترسییەكانی تیرۆر و هەڕەشەی هزری توندڕۆیی لەسەر ئاساییش و سەقامگیریی ناوچەكە و پێكەوەژیانی نێوان گەلان ئاڵوگۆڕ كرا.

هەواڵی پەیوەندیدار