دیدارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دووەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن

میونشن، ئەڵمانیا-KDP.info- لە بەردەوامیی دیدار و چالاكی و چاوپێكەوتنە دیپلۆماسییەكانی ڕۆژی شەممە 13ـی 2ـی 2016 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەراوێزی دووەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2016ـدا لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرس و كەسایەتیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی كۆ بووەوە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە 13ـی2ـی 2016 لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاساییشی میونشن 2016 (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (گیئۆرگی ئیڤانۆڤ) سەرۆكی مەكدۆنیا كرد. لە دیدارەكەدا سەرۆكی مەكدۆنیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) دەربڕی و هەروەها باسی لەو هاوكارییانە كرد كە وڵاتەكەی پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كردووە و )سەرۆك بارزانی)ـیش سوپاسی هاوكاری و پشتیوانییەكانی وڵاتی مەكدۆنیای كرد بۆ هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا باس لە شەڕی تیرۆر كرا و سەرۆكی مەكدۆنیا وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە ژمارەیەك هاووڵاتیی مەكدۆنیا و وڵاتانی بالكان لەنێو ڕیزەكانی داعشدان، جەختی لەوە كردەوە كە تیرۆر مەترسییەكی هاوبەشە لەسەر هەردوولا بۆیە پێویستە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا فراوانتر بكرێت. لەم دیدارەدا هەردوولا جەختیان لە هاوكاریی و هەماهەنگیی نێوانیان لە بوارەكانی سەربازی و ئابووری و گۆڕینەوەی زانیاری كردەوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە فراوانتركردنی پەیوەندییەكان نێوان هەردوولا و سەردانی شاندی بازرگانی و سیاسی و ئەمنی لەنێوان هەردوولا كرایەوە.
هەر هەمان ڕۆژ (سەرۆك بارزانی) لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن پێشوازی لە (توماس ئوپێرمان) سەرۆكی گرووپی سوسیاڵدیموكرات لە پارلەمانی ئەڵمانیا كرد. لە دیدارەكەدا سەرۆكی گرووپی سوسیاڵدیموكرات لە پارلەمانی ئەڵمانیا ستاییشی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی شنگال نیشان دا و جەختی لە ڕۆڵی پارتەكەی لە پشتگیریكردنی هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان كردەوە. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستان و ڕیفراندۆم تاوتوو كرا.

وێستگەیەكی تری چالاكییە دیپلۆماسییەكانی (سەرۆك بارزانی) كۆبوونەوە لەگەڵ (برێت مەكگورگ) نوێنەری تایبەتی (سەرۆك ئۆباما) بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش بوو. لە دیدارەكەدا كە خاتوو (سڵۆتكین) جێگری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا ئامادە بوو، بارودۆخی ئابووری و قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ. نوێنەری تایبەتی (سەرۆك ئۆباما) ئەوەی بۆ (سەرۆك بارزانی) خستەڕوو كە وڵاتەكەی بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هەرێم، دیراسەی یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە كوردستان دەكات. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی مووسڵ تاوتوو كرا و، جەختیش لە بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا كرایەوە لەمەڕ پرسە گرنگەكانی ناوچەكە.

هەر لە دووەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2016 سەرۆك بارزانی پێشوازی لە (فێدریكا موگرینی) ڕێكخەری گشتیی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا و شاندی یاوەری كرد. لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و دواپێشهات و گۆڕانكارییەكان تاوتوو كرا و هەروەها ئاماژە بە بڕیار و دەرئەنجامەكانی كۆنگرەی لەندەن كرا لەبارەی پرسی ئاوارەكان. هەر لەم دیدارەدا ڕێكخەری گشتیی سیاسەتی دەرەوەی ئەورووپا جەختی لەوە كردەوە كە لە شەڕی دژی داعشدا وڵاتانی ئەوروپا بەردەوام دەبن لە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە.

لە دوای ئەم دیدارەدا (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ (فیلیپۆ گراندی) بەرپرسی كومیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندی یاوەری كۆ بووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرسی كومیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، وێڕای ئاماژەدان بە ئەزموونی سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی بیستەمی خۆی لە كوردستان ڕایگەیاند كە بە باشی شارەزای گەلی كوردستانە و ئەوەیشی خستەڕوو كە هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی یارمەتیی پەنابەر و ئاوارەكانی نێو هەرێمی كوردستان بدات. بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و دوا گوڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكان تەوەرێكی تری ئەم دیدارە بوو.

هەر هەمان ڕۆژ و لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2016 (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ (سامح شكری) وەزیری دەرەوەی میسر و شاندی یاوەری كۆ بووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش و پێویستیی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی میسر كرایەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر كە دوژمنێكی هاوبەشی هەردوولایە. لەم دیارەدا فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی میسر خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
كۆبوونەوە لەگەڵ (فڕانك واڵتەر شتاینمایەر) وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا چالاكییەكی تری (سەرۆك بارزانی) بوو لە دووەم ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2016 و، لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا و ناوچەكە و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا تاوتوو كرا.

هەر ئێوارەی ڕۆژی شەممە 13ـی 2ـی 2016 و لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2016، (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ (باب كوركێر) سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا كۆ بووەوە. لە دیدارەكەدا باس لە شەڕی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە كرا و هەروەها بیروڕا لەبارەی بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان و یارمەتیدانی ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگە ئاڵوگۆڕ كرا. لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا جەختی لە دۆستایەتیی نێوان گەلی ئەمەریكا و گەلی كوردستان كردەوە و هێمایشی بەوەدا كە لە وڵاتەكەیدا پێشمەرگە ناوێكی خۆشەویست و بەرزە.




