٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی: هێشتا وەك پێویست یارمەتیی هەرێمی كوردستانی نەدراوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی سویسڕا له‌ عێراق، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند،  كە گەلی كوردستان یارمەتیدانی خەڵكی لێقەوماوی بە ئەركی مرۆڤی و نیشتیمانیی خۆی زانیوە و سەرباری بوونی شەڕی داعش و تەحدیاتی ئابووری، ئەوەی لە دەستیان هاتووە بۆ پەنابەر و ئاوارەكان كردوویانە، ئاماژەیشی دا، كە هێشتا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بابەتی پەنابەر و ئاوارەكاندا وەك پێویست یارمەتیی هەرێمی كوردستانی نەداوە.

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 28ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (هانس پیتێر لێنز) باڵیۆزی تازە دەستنیشانكراوی سویسڕا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق ڕێز و پێزانینی خۆی و وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم ڕاگەیاند كە لە بارودۆخێكی سەخت و دژواردا میوانداریی ژمارەیەكی زۆر گەوەری ئاوارە و لێقەوماویان كردووە كە ئەوە خۆی لە خۆیدا بارێكی قورسە و ڕایشیگەیاند كە وڵاتەكەی حەز دەكات لەڕێگەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هەروەها كاری هاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بەشداری بكات لە یارمەتیدانی ئاوارەكان. باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەمەڕ قەیران و تەحدیاتی دارایی هەرێم، پشتیوانیی وڵاتەكەیشی لە هەموو بارودۆخێك بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێستی گەل و حكوومەتی سویسڕای كرد و پەیوەست بە باسی ئاوارەكان هێمای بەوەدا، كە گەلی كوردستان یارمەتیدانی خەڵكی لێقەوماوی بە ئەركی مرۆڤی و نیشتیمانیی خۆی زانیوە و سەرباری بوونی شەڕی داعش و تەحدیاتی ئابووری، ئەوەی لە دەستیان هاتووە بۆ پەنابەر و ئاوارەكان كردوویانە، ئاماژەیشی دا، كە هێشتا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بابەتی پەنابەر و ئاوارەكاندا وەك پێویست یارمەتیی هەرێمی كوردستانی نەداوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ڕەوشی پەنابەر و ئاوارەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سویسڕا تاوتوێ كرا.  

هەواڵی پەیوەندیدار