٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

پارتە سیاسییەکانی هەرێم پشتگیرییان بۆ ریفراندۆم دووپات کردەوە.. شەش بڕیاریان راگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا، پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان شەش بڕیار و ئەنجامیان راگەیاند.

ئه‌مڕۆ سێشەممە 26ـی 1ـی 2016، لە سەلاحەدین، سەرۆك و سكرتێر و نوێنەری پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوون لەسەر پرسە هەنوكەییەكانی هەرێمی كوردستان و، گەییشتن بە كۆدەنگی و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ گرفتەكان، لەگەڵ (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا كۆ بوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە (كۆسرەت ڕەسووڵ) جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەروەها سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەت ئامادە بوون، سەرەتا سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتەیەكی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە پێشكەش كرد و باسی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستانی كرد و داوای لە ئامادەبووان كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە بیر لە چارەسەركردنی بارودۆخەكە بكەنەوە و بە پێویستی زانی كە دوور لە موزایەداتی سیاسی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم چارەبكرێت و هەروەها تیشك بخرێتە سەر چارەكردنی گرفتەكانی خەڵك و پاراستنی متمانەی نێوان خەڵك و پارتە سیاسییەكان.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی خۆیشی بۆ هەموو هەنگاوێك ڕاگەیاند كە ببێتە هۆی دروستبوونی متمانە و شەفافییەت و دادپەروەری. هەروەها لە درێژەی قسەكانیدا كورتەیەكی لەبارەی شەڕی داعش و ڕیفراندۆم و مافی گەلی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووس خستەڕوو.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا، ئامادەبووان ڕا و سەرنج و تێبینی و پێشنیارەكانی خۆیان لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی و كاراكردنی پارلەمان و قەیرانی دارایی و ڕیفراندۆم خستەڕوو و، سەرۆكی حكوومەت و جێگری سەرۆكی حكوومەت هەنگاوەكانی حكوومەتیان لەبارەی ڕێوشوێنەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئابووری و، هەروەها چاكسازی و داهات و خەرجییەكانی حكوومەتیان بۆ كۆبوونەوەكە شیی كردەوە.

كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی هەرێم و پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان گەییشتە ئەم بڕیار و ئەنجامانە:
یەكەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ستاییشی گیانفیدایی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش كرد، كە لە بارودۆخێكی سەختدا قارەمانانە بەرگری لە گەل و نیشتیمان دەكەن و پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕاگەیاند و، كۆبوونەوەكە بە پێویستی زانی كە تێكڕای لایەنە سیاسییەكان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەكان و بارودۆخی هەستیاری ئێستا بكەن و، لە ئاست بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان و متمانەی جەماوەریدا بن.

دووەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پاڵپشتیی خۆیان بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند و، بە پێویست زانرا كە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم كۆدەنگییەكی نیشتیمانی ساز بدرێت، ئەویش لە ڕێگەی یەكخستنەوەی ناوماڵی كوردستان و پتەوتركردنی متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی هەرێمی كوردستان. هەر پەیوەست بەم باسەوە، لایەنە سیاسییەكان ئەوەیان دووپات كردەوە كە پێویستە ئەو دەرفەتە بە خەڵكی كوردستان بدرێت كە ڕای خۆیان لەبارەی چارەنووسی خۆیان بە جیهانییان ڕابگەیێنن.

سێیەم: كۆبوونەوەكە نیگه‌رانیی خۆی سەبارەت بە دیاردەی كۆچ بۆ هاندەران و قووڵبوونەوەی كێشەكانی خەڵك  نیشان دا و، دڵنیایی دایە خەڵكی كوردستان كە بەیەكەوە قەیرانەكان تێدەپەڕێندرێن و لایەنەكان پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ ناڕەزایەتی و داواكاریی خەڵك ڕاگەیاند و، بە ئاماژەدان بە كورتهێنانی بودجە، داوایان كرد كە هەموو ڕێگەیەك بگیرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی كێشەی بێمووچەیی و بۆ ئەم مەبەستەیش پاڵپشتیی خۆیشیان بۆ هەوڵ و ڕێوشوێنەكانی حكوومەت بۆ سیاسەتی دەستپێوەگرتن و كەمكردنەوەی خەرجییەكان و چاكسازی و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ گرفتەكان ڕاگەیاند، بە جۆرێك كە ڕێوشوێنەكانی حكوومەت كەمترین گوشار بۆ چینی هەژار و كەمداهات و فەرمانبەران بهێنێت و، كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانیش وەك پاشەكەوت بۆ خودی فەرمانبەران لای حكوومەت بمێنێت و بە هیچ شێوەیەكیش مووچە و مافی فەرمانبەران نەفەوتێت، هەروەها ئەم سیاسەت و ڕێوشوێنانە بەشێوەیەكی گشتی خزمەتی بەدیهاتنی دادپەروەری و نەهێشتنی گرفتە داراییەكان بكات.

چوارەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە هاوڕابوون، كە پێویستە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەكان هەرچی زووترە پارلەمان كارا بكرێتەوە و زەمینەیش بۆ ئاشتەوایی سیاسی نێوان لایەنەكان خۆش بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەیش بڕیار درا، كۆمێتەیەكی تایبەت پێكبهێندرێت كە ئەركەكەی بریتی دەبێت لە زەمینەسازی بۆ كاراكردنەوەی پارلەمان و حكوومەت و چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی و سەرخستنی ڕیفراندۆم. هەروەها ئەو كۆمیتەیە لە ماوەی حەفتەیەكدا كارەكانی تەواو دەكات و ئەنجامەكانی دەخاتە بەردەم كۆبوونەوەی داهاتووی پارتە سیاسییەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

پێنجەم: سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، كۆبوونەوەكە جەختی كردەوە كە هەرێمی كوردستان نابێتە بەشێك لە ململانێكانی ناوچەكە و، تەئكیدی لە سەر پاراستنی مافی دیاریكردنی چارەنووس و مافە دیموكراتییەكانی گەلی كوردستان كردەوە.

شەشەم: كۆبوونەوەكە بە پێویستی زانی كە دیالۆگ و دانوستان لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت لەپێناو گەییشتن بە چارەكردنی كێشەكان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار