سەرۆک بارزانی لەگەڵ نێردراوی تایبەتی ئاساییشی بەریتانیادا کۆ بووەوە

هەولێر-KDP.info- لە کۆبووەیدا لەگەڵ نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بەریتانیا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سوپاسی هەڵوێستی بەریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمانی كرد كە لە شەڕەكاندا پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە بوون و پشتیوانییە ئاسمانییەكانی بە كاریگەر وەسف كرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ژەنەڕاڵ (تۆم بەكێت) نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان و ڕاوێژكاری سەربازیی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بەریتانیا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی لە ئازادكردنی شنگال و شكستدانی تیرۆریستان كرد و، پێزانینی بۆ ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) لە سەركردایەتیكردنی ئەو سەركەوتنانەدا هەبوو و ڕایگەیاند كە جیهان ڕێزی هەیە بۆ ڕۆڵی میحوەریی پێشمەرگە كە لەسەر ئەرزی واقیعدا ڕووبەڕووی تیرۆریستان بووەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئاگاداری ئەو گوشارە ئابوورییانەن كە لە ئەنجامی تێچوونەكانی شەڕ و هاتنی ئاوارەكان و دابەزینی نرخی نەوت بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێستی بەریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمانی كرد كە لە شەڕەكاندا پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە بوون و پشتیوانییە ئاسمانییەكانی بە كاریگەر وەسف كرد.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا (سەرۆك بارزانی) باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگال كرد و، هەروەها ڕۆشنایی خستەسەر قوربانیدانی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی كوردستان لە تێپەڕاندنی تەحەدیاتەكان.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی شەڕدا كرا. بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و هەروەها پاشەڕۆژی عێراق و قۆناغی دوای داعش و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی، تەوەری دیكەی دیدارەكە بوون.




