کۆماری چیک: هاوکاری و ڕاهێنان بە پێشمەرگە کارێکی پیرۆزە

هەولێر-KDP.info- (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەل و حكوومەتی كۆماری چیكی كرد كە پشتیوانی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەن و، پێشوازیشی لە فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی هەردوولا كرد لە بوارە جیاجیاكاندا. جێگری وەزیری بەرگریی كۆماری چیكیش ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی بۆ پێشمەرگە.
ئەمڕۆ دووشەممە 11ـی 1ـی 2016 لە سەڵاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی بەرگریی كۆماری چیك بە سەرۆكایەتیی (جاكوب لاندۆڤێسكی) جێگری وەزیری بەرگریی كۆماری چیك بۆ كاروباری سیاسی و ستراتیژی كرد.
لە دیدارەكەدا جێگری وەزیری بەرگریی كۆماری چیك، خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەركەوتنەكانی گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستان نیشان دا كە بە ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە هاتووەتە دی و ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی بۆ پێشمەرگە؛ هەروەها مەشق و ڕاهێنانی بە پێشمەرگە بە پیرۆز وەسف كرد کە دژ بە تیرۆریستان وەستاوەتەوە و، هەڵوێستی وڵاتەكەیشی بە هاوبەشی گەلی كوردستان لەم شەڕە لە قەڵەم دا.
جێگری وەزیری بەرگریی كۆماری چیك وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەی تیرۆریستان لەسەر ئاسایشی جیهان، رایگەیاند، كە هێزی پێشمەرگە بە قارەمانێتی و ئازایەتیی خۆی، ڕێگەی لەوە گرت كە تیرۆریستان پلانەكانیان بۆ داگیركردنی بەشێكی زۆری جیهان جێبەجێ بكەن.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەل و حكوومەتی كۆماری چیكی كرد كە پشتیوانی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەن و، پێشوازیشی لە فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی هەردوولا كرد لە بوارە جیاجیاكاندا.
( سەرۆك بارزانی) هاوکات باسی هۆكارەكانی دەركەوتنی توندڕۆیی و تیرۆر كرد و، بوونی ململانێی تاییفی بە هۆكارێكی سەرەكیی گەشەی تیرۆریستان لەقەڵەم دا؛ ئەوەیشی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە، كە گەلی كوردستان خاوەنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و لێبوردەییە و هیچ كاتێك نابێتە بەشێك لە ململانێی تاییفی.
هەر لەم دیدارەدا ڕێگاكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی تاوتوو كرا و، هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە لەتەك شەڕی سەربازیی، شەڕی ئایدیۆلۆژی و ئابووریی تیرۆریستان بكرێت.
بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە و پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندییەكانی هەردوولا تەوەرێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو.




