٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: گەلی کوردستان لەم شەڕ و قەیرانەش بە سەربەرزی دەردەچێت

سەرچاوە: KDP.info
دیداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنسووڵی سودان لە هەولێر. ئەمڕۆ

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، کە گەلی کوردستان پێشتر چەندین قەیران و کێشەی گەورەی تێپەڕاندووە و بە دڵنیاییەوە لەم شەڕ و قەیرانەش بە سەربەرزی دەردەچێت.

ئەم لێدوانەی (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانی دیدارێکیدا بوو کە ئەمڕۆ دووشەممە،  لەگەڵ (یاسین عەوەز ئیسماعیل) کۆنسووڵی گشتیی وڵاتی سودان له ‌هه‌رێمی کوردستان سازی دا.
لە دیدارێكدا کۆنسووڵی سودان سڵاو و ڕێزی سەرۆک و گەلی سودانی بە (سەرۆک بارزانی) ڕاگەیاند و خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە نیشان دا و، سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو. هەروەها سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ (سەرۆک بارزانی) و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند بۆ هاوکاریی و هەماهەنگییان لەگەڵ کۆنسووڵگەریی سودان و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
کۆنسووڵی سودان پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە لە شکاندنی تیرۆریستان نیشان دا و ئاماژەی دا، کە هەرێمی کوردستان سەرباری شەڕ و ڕەوشی خراپی ئابووری، باوەشی بۆ نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کردووەتەوە و نموونەیەکی زۆر درەوشاوەی پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە و، مێژوو ئەو سەروەرییە تۆمار دەکات. هیوایشی خواست هەرچی زووتر کێشە ئابوورییەکانی هەرێم چارەسەر ببن و کوردستان لە پێشکەوتن بەردەوام بێت.

کۆنسووڵی گشتیی سودان هەروەها ئەوەشی باس کرد، کە لەو ڕووداو و گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکە هەن ڕۆڵی سەرکردایەتیی (سەرۆک بارزانی) زۆر گرینگ و بەرچاوە و هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆری هەیە، بۆیە وڵاتەکەی دەیەوێ لە هەموو ئاستەکاندا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێی کوردستان پەرە پێ بدات و، ئامادەی هەرجۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەشن، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵدا دەتوانن هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی)، هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی سودان خواست و خۆشحاڵیی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونی ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا پێشان دا و، ئەزموونی سودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی وڵات بەرز نرخاند.
(سەرۆک بارزانی) هەروەها ئاماژەی بە ڕەوشی بەرەکانی بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان کرد و ئاماژەی دا، پێشمەرگە لەگەڵ دڕندەترین دوژمن لە شەڕدایە و زۆر ئازایانە توانیویەتی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێت. تەئکیدیشی کردەوە کە گەلی کوردستان پێشتر چەندین قەیران و کێشەی گەورەی تێپەڕاندووە و بە دڵنیاییەوە لەم شەڕ و قەیرانەش بە سەربەرزی دەردەچێت.
هەر لەم دیدارەدا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و دواپەرەسەندنە سیاسییەكان، گفتوگۆ کرا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار