٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا: بەبێ كوردستان چارەسەری ئاشتیانە لە ناوچەكەدا بە دی نایەت

سەرچاوە: KDP.info
دیداری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەورووپا. ئەمڕۆ

هەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا دەڵێ، بەبێ كوردستان چارەسەری ئاشتیانە لە ناوچەكەدا بە دی نایەت. جەختیش دەکاتەوە، زۆر پێویستە ئەورووپا و جیهان ئاگاداری ڕاستییەكان و ڕۆڵی كوردستان بن لە سەقامگیریی و ئاشتی لە ناوچەكە. (سەرۆک بارزانی)ـیش ڕایگەیاند، گەلی كوردستان بە شێوازی ئاشتیانە و دیالۆگ بەرەو مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی هەنگاو دەنێ.

ئەم لێدوانانە لەو دیدارەدا بوون کە ئەمڕۆ یەكشەممە 3ـی 1ـی 2016 لە سەڵاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ (ڕیچارد چارنێسكی) جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەورووپادا سزای دا.
لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەورووپا خۆشحاڵیی خۆی لە ڕەخساندنی دیدارەكە دەربڕی بۆ ئەوەی چاوی بە (سەرۆك بارزانی) بكەوێت و، لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و كوردستان بێت. هەروەها ستاییشی (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستانی كرد بەهۆی ئەو پێشكەوتنەی كە لە بیست ساڵی ڕابردوودا لە كوردستان هاتووەتە ئاراوە و، كوردستانی بە توخمێكی كاریگەر لە قەڵەمدا لە سەقامگیریی ناوچەكە.

(ڕیچارد چارنێسكی) هاوکات ڕایگەیاندووە، بەبێ كوردستان چارەسەری ئاشتیانە لە ناوچەكەدا بە دی نایەت. لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەیشی خستووەتە ڕوو كە زۆر پێویستە ئەورووپا و جیهان ئاگاداری ڕاستییەكان و ڕۆڵی كوردستان بن لە سەقامگیریی و ئاشتی لە ناوچەكە و، پشتگیریی خۆیشی نیشان دا بۆ فراوانكردنی هەوڵەكانی وڵاتانی ئەورووپایی بۆ پشتیوانیكردنی كوردستان لە ڕووی ئابووری و مرۆییەوە.
جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەورووپا وێڕای ئەوەی پێزانینی بۆ كولتووری پێكەوەژیانی گەلی كوردستان هەبوو، دەستخۆشی لە (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و هەروەها پاڵپشتیكردن و پاراستنی مەسیحی و پێكهاتەكانی تر لە هەڕەشەكان و پەنادانیان.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێستی جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەورووپای كرد و، باسی لە ئازار و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان كرد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو لەپێناو ئازادی و پاراستنی ناسنامەدا. ئەوەیشی خستە ڕوو، كە لە سەرەتای سەدەی پێشوودا بەبێ وەرگرتنی ڕای گەلی كوردستان واقیعێكی تاڵ و پڕ لە زوڵم و ئینكار بەسەر گەلەكەماندا سەپێندرا، بەڵام گەلی كوردستان لەبەرانبەر ئەو واقیعە خۆی بەدەستەوە نەدا و خۆی پاراست؛ ئێستایش گەلی كوردستان بە شێوازی ئاشتیانە و دیالۆگ بەرەو مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی هەنگاو دەنێ.

(سەرۆك بارزانی) هەروەها باسی لە دڕندەیی و وەحشیگەریی تیرۆریستانی داعش و مەترسییان لەسەر كۆی مرۆڤایەتی كرد و، هێمای بەوەدا كە بە شانازییەوە پێشمەرگە توانی داعش لە كوردستان تێكبشكێنێت و، پاراستنی خوشك و برا مەسیحییەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی تری بە ئەركێكی مرۆڤی و نیشتیمانی گەلی كوردستان وەسف كرد.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەروەها ئاماژەی بە تێچووی ماددی و مرۆڤیی شەڕ و میوانداریی ئاوارەكان و گرفتە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان دا و، داوای كرد كە وڵاتانی ئەورووپایی لە یارمەتیدانی ئاوارەكان هاوكاریی كوردستان بكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار