سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی ئازادکردنی ڕەمادی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق كرد

هەولێر-KDP.info- لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا، دۆخی مەیدانیی شەڕی خستە بەر باسەوە و، پیرۆزبایی ئازادکردنی ڕەمادی لە (حەیدەر عەبادی) کرد.
ڕۆژی چوارشەممە 30ـی 12ـی 2015 (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان و (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بارودۆخی مەیدانیی شەڕ و دواپەرەسەندنە سەربازییەكانیان لە دژی تیرۆریستانی داعش تاوتوو کرد.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، (سەرۆک بارزانی) و سەرۆکوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی)، ئازادکردنی ڕەمادی و ناوچەکانی دیکەیان خستە بەر باسەوە؛ هاوکات (سەرۆک بارزانی) پیرۆزبایی لە (حەیدەر عەبادی) کرد بە بۆنەی ئازادكردنی شاری ڕەمادی و ئەو سەرکەوتنەی کە هێزەکانی عێراق لە ڕەمادی بەدەستیان هێناوە و شارەکەیان لە دەست تیرۆریستان ئازاد کرد.
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسیان لە بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق کرد لە شەڕی دژی تیرۆردا، ئەوەیش دووپات کراویەوە کە، گوشاری سەربازی لە هەموو بەرەکان لەسەر تیرۆریستان بەردەوام بێت بۆ ئازادکردنی ناوچەکان و شکستدان و لەناوبردنی تیرۆریستان.




