٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سه‌رۆك بارزانی له‌ میحوه‌ری باشیك: كوردستان بۆیە بە نرخە چونكە خوێن و قوربانی لەپێناویدا دراوە

سەرچاوە: KDP.info
سه‌رۆك بارزانی له‌ میحوه‌ری باشیك

میحوه‌ری باشیك-KDP.info-  (سه‌رۆك بارزانی) له‌ میحوه‌ری باشیك له‌ وته‌یه‌كدا بۆ فەرماندە و پێشمەرگەكانی هەر سێ میحوەری باشیك و خازر و ناوەران رایگه‌یاند كه‌، پاراستنی وڵات پێویستی بە قوربانیدانە و كوردستان بۆیە بە نرخە چونكە خوێن و قوربانی لەپێناویدا دراوە.

ڕۆژی شەممە 19ـی 12ـی 2015 بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەرەكانی شەڕ و بارودۆخی پێشمەرگە، سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ لە میحوەری باشیك كرد و لە نزیكەوە چاوی بە فەرماندە و پێشمەرگەكانی هەر سێ میحوەری خازر و باشیك و ناوەران كەوت.

لەو سەردانەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی بۆ فەرماندە و پێشمەرگەكانی هەر سێ میحوەری باشیك و خازر و ناوەران پێشكەش كرد و تێیدا دەستخۆشی لە قارەمانێتی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لەو سێ میحوەرە كرد و سەرەخۆشیشی لە كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە و هیوای چاكبوونەوەیشی بۆ برینداران خواست.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە پەلاماری چەند ڕۆژ پێشی تیرۆریستانی داعش كرد بۆ ئەو سێ میحوەرە و ڕایگەیاند كە زیاتر لە مانگێكە تیرۆریستان خۆیان بۆ ئەم پەلامارە ئامادە كردووە و پەلامارێكی گەوەرەیان بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە ئەنجام دا بەڵام شكستێكی گەورەیشیان خواست. سەرۆك بارزانی باسی لە قوربانیدانی پێشمەرگە كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پاراستنی وڵات پێویستی بە قوربانیدانە و كوردستان بۆیە بە نرخە چونكە خوێن و قوربانی لەپێناویدا دراوە و مادام كوردستانیش خاوەنی پێشمەرگەیە هەر سەر دەكەوێت و ئەوەیشی خستەڕوو كە جیهانیان بەچاوی ڕێز و ستاییشەوە سەیری قوربانیدانی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دەكەن  و پێشمەرگە جێگەی شانازیی كوردستان و دۆستانی كوردستانە. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە شەڕەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگە و تیرۆریستان دا و ڕایگەیاند كە ئەو شەڕانە وانەیەكی نوێ بوون بۆ خۆڕاگریی هەموومان و پێویستە خاڵە لاوازەكانمان نەهێڵین و خاڵە بەهێزەكانمان پتەوتر بكەین.

هەر لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ فەرماندەی و ئەفسەر و پلەدارەكانی هەر سێ میحوەری باشیك و خازر و ناوەران كۆبوویەوە و گوێی لە ڕا و بۆچوون و تێبینییەكانی ئەوان گرت لەمەڕ بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و پێداویستییەكانی پێشمەرگە و هەروەها ئەو پلان و ئامادەكارییە سەربازییانە تاوتوێ كران كە بۆ داهاتووی ئەو میحوەرانە لە ئارادان. لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕێنوێنی و ئامۆژگاریی پێویستی بۆ فەرماندەكانی پێشمەرگە خستەڕوو.
 

هەواڵی پەیوەندیدار