ئەنجوومەنی پیرانی بەلجیكا: دهبێ دنیا سوپاسگوزاری خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت

ههولێر-KDP.info- له دیداریاندا لهگهڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مهسعوود بارزانی)، شاندێكی ئەنجوومەنی پیرانی بەلجیكا رایگهیاند، گەلی بەلجیكا هاوسۆزییەكی تایبەتیان لەگەڵ گەلی كوردستاندا هەیە و، كۆمەڵگەی دەولی دەبێ سوپاسگوزاری خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت.
دیدارهكه ئهمڕۆ دووشەممە 14ـی 9ـی 2015 لە سەڵاحەددین بهڕێوه چوو و سێناتۆر (ئەڵان دیتێكس) سهرۆكی شاندهكهی ئەنجوومەنی پیرانی بەلجیكای بوو.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستاییشی خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەیان كرد و، ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی)یان لەو خەباتەدا بەرز نرخاند؛ هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە تێكۆشان و خەباتگێڕییان، (بارزانیی نەمر)یان بە قارەمانێكی مێژوویی وەسف كرد. شاندی میوان ئەوەیشی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە گەلی بەلجیكا هاوسۆزییەكی تایبەتیان لەگەڵ گەلی كوردستاندا هەیە و جەختیشیان لەوە كردەوە كە كۆمەڵگەی دەولی دەبێ سوپاسگوزاری خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت، كە هاوكاریی پەنابەرانیان كردووە و سەرباری بوونی كێشە و قەیران، سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماویان وەخۆ گرتووە. هەروەها ئامادەیی خۆیشیان نیشان دا كە بە هەموو توانایەك لە هەوڵی ئەوەدا دەبن، كە وڵاتەكەیان و یەكێتیی ئەورووپا هاوكاریی زیاتری سەربازی و مرۆیی پێشكەشی هەرێمی كوردستان بكەن.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە شاندی میوان داوایان لە (سەرۆك بارزانی) كرد بۆچوون و سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستان و بارودۆخی ناوچەكە و عێراق بخاتە ڕوو.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێستی وڵاتی بەلجیكا و وڵاتانی هاوپەیمانانی كرد بۆ هاوسۆزی و یارمەتیدانی گەلی كوردستان و پێشمەرگە. هاوكات باسی لە هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان كرد و جەختی كردەوە، كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە كاری هەمەلایەنە و هاوكاریی وڵاتان دەكرێت و جگە لە شەڕی سەربازی، پێویستە لە ڕووی فكری و ئابووری و كۆمەڵایەتییشەوە شەڕی تیرۆریستان بكرێت. ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان خاوەنی فەرهەنگی پێكەوەژیانە و جیاوازیی تاییفە و ئایین بە لایەوە گرینگ نییە و ،هەرگیزیش نابێتە بەشێك لەو ململانێ تاییفییەی لە ناوچەكەدا لە ئارادایە و، دەستی دۆستایەتی و ئاشتی بۆ هەموو پێكهاتە و تاییفەیەك درێژ دەكات.
ههروهها لەبارەی قۆناغی دوای شكستدانی تیرۆریستان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان (سەرۆك بارزانی) ئەوەی دووپات كردەوە كە، پێویستە گەرەنتی وا هەبێت كە خەڵك بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە و چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە.
باسكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هەروەها داهاتووی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوو.




