٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

راگەیەنراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی لە هەمانکاتدا داوای جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆشی دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026، بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش، خستنەڕووی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو سەبارەت بە ڕێکارەکانی دوێنێی حکوومەتی فیدراڵ.

ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە، کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی لە هەمانکاتدا داوای جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە و وەک هەمیشە ئامادەیی خۆشی بۆ چارەسەرەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە، بۆیە ئەوپەڕی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەو ڕاگەیاندراوە دەردەبڕێت کە بە ناوی گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاوکرایەوە، چونکە پێشێلکارییەکی دەستووریی و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ باوەڕنەبوون بە سیستەمی فیدراڵی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ ڕژێمێکی ناوەندی و مەرکەزی کە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە. بۆیە بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە ڕەت دەکەینەوە کە دیارە پلانێکی پێشوەختە و لەمێژینەی داڕێژراوە لە دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام پشتیوانیی هەر ڕێکارێک بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەر کارێکی نایاسایی و بەردەوامیش هاوکار و هاوئاهەنگ بووە و دەبێت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ نەهێشتن و سنووردانان بۆ هەر کارێکی نایاسایی. داواش دەکەین گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بنبڕ بکرێت.

ئەنجومەنی وەزیران، جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان، بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی هەزاران شەهیدە و کەس خێری بە خەڵکی کوردستان نەکردووە، هەرێمی کوردستانیش ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری لە هێنانەئارای سیستەمی فیدراڵی ئێستای عێراق هەبووە و خۆی بە خاوەنی دەزانێت و هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت کە تەنیا مووچە و بودجە و شایستەی دارایی نییە، بەڵکوو پرس و مافێکی سیاسی و دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستانە.

ئەنجومەنی وەزیران، لە کاتێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و لەیەکتێگەیشتن و لە چوارچێوەی دەستوور، کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێن، داواش دەکات دەستووری هەمیشەیی عێراق، بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، کە هۆکاری چارەسەرنەبوونی کێشەکان، جێبەجێ نەكردنی دەستوورە، بە تایبەتی ماددەی 140ی دەستوور کە چەندین ساڵە فەرامۆش کراوە و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان نەنراوە. هەروەها پێویستە بە پێی ماددەکانی دەستوور، ئەنجومەنی فیدراڵی عێراق ( مجلس الاتحاد العراقي) دروست بكرێت و دادگای باڵای فیدراڵیش لە سەر بنەمای دەستوور پێکبهێنرێتەوە بە شێوەیەک کە دەربڕی هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێت.

ئەنجومەنی وەزیران ، سوپاسی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەن و هێز و سیاسییەکان و پێکهاتەکانی دەکات و داواش دەکات کە بەردەوامبن لە هەڵوێستی نیشتمانیان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و بەرگریکردنیان لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان. هەروەها داوا لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکوومەتی فیدراڵ دەکات بەردەوام بن لە ڕۆڵی نیشتمانییانەی خۆیان لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان.

ئەنجومەنی وەزیران، لە کاتێکدا پشتیوانی خۆی بۆ ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین دووپات دەکاتەوە. جەختیشی کردەوە هەر کەسێک دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و بنەما دەستوورییەکان و بەرژوەندییە نیشتمانییە باڵاکان کوردستان ڕەفتاربکات و خەڵک هان بدات بۆ ئاژاوەنانەوە و دژایەتەتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.

هەواڵی پەیوەندیدار