ڕاگەیەندراوی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

هەولێر-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا لەبارەی دوایین پێشهات و ڕێوشوێنەکانی عێراق و ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکان، جەخت دەکەنەوە کە پێویستە دەستوور حەکەمی نێوان هەرێم و بەغدا بێت و دەڵێن، هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێڵی سوورن.
دەقی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە:
ڕاگەیەندراوی کە لەلایەن ووتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە و پێشهات و ڕێوشوێنانەی لەم چەند ڕۆژەدا کە لە عێراقدا لە ئارادایە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن.
هەموو لایەک باش دەزانن هەرێمی کوردستان لەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە زیاتری داوا نەکردوە و بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو مافە دەستووریەکانی پێشێل کراون. ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو لایەک پێویستە پابەندی دەستوور بن و ئەگەر کێشەیەکیش لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فێدرالیدا هەبێت دەبێ دەستوور حەکەم بێت لە نێوانیان. جگە لە دەستوور هەر ڕێوشوێنێک و بڕیارێکی دیکە لەدژی هەرێمی کوردستان دژی دەستوورە. هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێلی سوورن.
ئێمە لەگەڵ دیالۆگ و شەفافیەت و لێکتێگەیشتنین و بڕیاری تاک لایەنە خزمەتی ئەمنیەت و سەقامگیری عێراق ناکات.
٢٤ تشرینی دووەم ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستان
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان




