٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: پێشکەوتن و داهاتووی کوردستان بەندە بە تواناسازی و بەشداریکردنی کارای ئافرەتانەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا، پابەندیی نەگۆڕی خۆی بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و چەسپاندنی یەکسانی دووپات دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە دڵنەواییی قوربانییان تەنیا بە سەروەریی یاسا و ڕێگریکردنی یەکجارەکی لەو تاوانانە دەبێت.

دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا

لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا، پابەندیی نەگۆڕمان بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان، چەسپاندنی ئازادی و یەکسانی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک دژی کچان و ژنان دووپات دەکەینەوە.

بە ڕێزەوە قوربانییانی توندوتیژی به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌ و جەخت دەکەینەوە کە دڵنەواییی خێزانەکانیان تەنیا بە سەروەریی یاسا، دادوەری و ڕێگریکردنی یەکجارەکی لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە دەبێت.

پێشکەوتن، ئاشتی و داهاتووی هەرێمی کوردستان، بەندە بە تواناسازی و بەشداریکردنی کارای ئافرەتان لە هەموو کایەکانی ژیان و ناوەندەکانی بڕیارداندا. لەم پێناوەشدا لە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، مامۆستایانی ئایینی، ناوەندەکانی خوێندن، میدیا و گەنجان بەردەوام دەبین بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری لێبوردەیی، ئاشتیخوازی و ناتوندوتیژی.

سڵاو و پێزانین بۆ هەموو ئەو ئافرەت و چالاکوان و داکۆکیکارانەی لەپێناو یەکسانیدا تێدەکۆشن. با هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ کوردستانێکی ئارامتر و دادپەروەرتر کە دوور بێت لە هەموو جۆرە توندوتیژی و ترس و جیاکارییەک.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/11/25

هەواڵی پەیوەندیدار