٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری

ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بە نیگەرانییەوە لە لێدوانەکەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڕوانێت و دەڵێت، پێشێلی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، دووپاتیشی دەکاتەوە کە دەبێت یەکلاییکردنەوەی هەر ناکۆکییەک لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمدا لە ڕێگەی دەقەکانی دەستوورەوە بێت، نەک لێدوانی میدیایی و هەنگاوی تاکلایەنە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان.

پەرلەمانی كوردستان بە نیگەرانیەوە دەڕوانێتە ئەو ڕاگەیەندراوەی ئەمڕۆ لەلایەن وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاوكرایەوە، كە پێشێلی مافە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان دەكات. دەستووری عێراق سیستەمی حوکمڕانیی وڵاتی بە فیدراڵی دیاری کردووە، دانی ناوە بە هەرێمی کوردستاندا وەک هەرێمێکی فیدراڵی، مافی پیادەکردنی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی پێداوە. هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئەو سیستەمە فیدراڵیەی دەستووری ٢٠٠٥ بنیاتی ناوە، و هەمیشە پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای ماف و ئەرکە دەستووریەکان ڕێکخستووە.

ئێمە وەک دامەزراوەی یاسادانانی هەرێم و نوێنەری ئیرادەی گەلی کوردستان، پاراستنی پێگەی دەستووریی و دەسەڵاتە یاسایەکانی هەرێم بە ئەرکێکی نیشتمانی و دەستووریی خۆمان دەزانین. دووپاتی دەکەینەوە کە هەر ڕێکارێک لە دەرەوەی ئەو ڕێگایانەی دەستوور دیاری کردوون، پێچەوانەی بنەمای جیاکردنەوە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە لە نێوان ئاستی فیدراڵی و هەرێمدا. هەروەها گیانی هاوبەشی و ڕێککەوتنی نیشتمانی لاواز دەکات، کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە. ئەم جۆرە ڕێکارانە لە جیاتی چارەسەر، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکەن و ئاسایش و سەقامگیریی گشتی دەخەنە مەترسیەوە.

لێرەوە دووپاتی دەكەینەوە، بەو پێیەی دەستوور یاسای باڵای وڵاتە، بۆیە دەبێت یەکلاییکردنەوەی هەر ناکۆکیەک لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمدا لە ڕێگەی دەقەکانی ئەو دەستوورە و ئەو میکانیزمانەوە بێت کە دیاری کردوون، نەک لە ڕێگەی لێدوانی میدیایی و هەنگاوی تاكلایەنە. ئێمە پێشوازی دەكەین لە هەر هەوڵێک کە ئامانجی نەهێشتنی گەندەڵی و ڕێگرتن بێت لە پێشێلکاریە یاساییەکان، لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بەرکارەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم. لێرەوە داوا لە سەرجەم دامەزراوە فیدراڵیەکان دەکەین گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و پابەندبوون بە دەقی دەستوور بکەنە بنەمای ڕێگەی چارەسەر، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بپارێزرێت.

 

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان

٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦