٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

شاندی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا، پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان و پڕۆسە سیاسییه‌كه‌ی نیشان دا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پێشوازیی شاندێكی پەرلەمانی ئەورووپادا رایگەیاند، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستی بە هەوڵی كرداری و جیددیی هەموو لایەكە. جەختیشی كردەوە كە، شەڕی تیرۆریستان تەنیا نابێ لایەنی سەربازی بگرێتەوە، بەڵكە دەبێ لە ڕووی فیكری و ئابووری و كۆمەڵایەتییشەوە شەڕی تیرۆر و توندڕۆیی بكرێت. شاندی پەرلەمانی ئەورووپایش داوایان لە (سەرۆك بارزانی) كرد كە ڕێنوێنی و بۆچوونی خۆی لەبارەی چارەكردنی كێشەی پەنابەران و شەڕی تیرۆریستان و چارەی گرفت و قەیرانە قووڵەكانی عێراق و ناوچەكە بخاتە ڕوو.

(مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی شەممە 12ـی 9ـی 2015 لە سەڵاحەددین، پێشوازیی لە شاندێكی پەرلەمانی ئەورووپا بە سەرۆكایەتیی (چارڵز تەنۆك) پارلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارێزگاران و ڕیفۆرمخۆازان كرد كە لە نوێنەرانی فڕاكسیۆنە گەورەكانی نێو پەرلەمانی ئەورووپا پێك هاتبوو.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان و پڕۆسەی سیاسی و بووژانەوە و ئەو كرانەوە و پێشڤەچوونە پێشان دا كە لە هەرێمی كوردستان لە ئارادایە. هەروەها پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ستاییشی ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) و گیانفیدایی و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و، سەرەخۆشییان لە (سەرۆك بارزانی) و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لەشەڕی تیرۆردا گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە.
هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە هاتنی لێشاوی پەنابەران بەرەو ئەورووپا، سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە سەدانهەزار ئاوارەیان حەواندووەتەوە و بوونەتە پەناگەی خەڵكی لێقەوماو و پەنابەر.
شاندی میوان پشتیوانیی خۆیشیان بۆ پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا.
هەر لەم دیدارەدا شاندی پەرلەمانی ئەورووپا داوایان لە (سەرۆك بارزانی) كرد كە ڕێنوێنی و بۆچوونی خۆی لەبارەی چارەكردنی كێشەی پەنابەران و شەڕی تیرۆریستان و چارەی گرفت و قەیرانە قووڵەكانی عێراق و ناوچەكە بخاتە ڕوو.

لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێستی شاندی میوان و دۆستان و هاوپەیمانانی گەلی كوردستانی كرد و، لە گوتەیەكدا باسی لە هەڕەشەی تیرۆریستان بۆسەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان كرد و باسی لە قارەمانێتی پێشمەرگە كرد لە شكاندنی ئەفسانەی داعش و پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق لە دەستی تیرۆریستان و، ئەوەی دووپات كردەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستی بە هەوڵی كرداری و جیددیی هەموو لایەكە و، بە پێویستیشی زانی كە نابێ تەنیا مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەكانی ئەم قەیرانە قووڵانە بكرێت كە بەرۆكی ناوچەكە و جیهانی گرتووەتەوە، بەڵكە پێویستە هۆكارەكانی ئەو قەیرانانە بنبڕ بكرێن.
جەختیشی لەوە كردەوە كە، شەڕی تیرۆریستان تەنیا نابێ لایەنی سەربازی بگرێتەوە، بەڵكە دەبێ لە ڕووی فیكری و ئابووری و كۆمەڵایەتییشەوە شەڕی تیرۆر و توندڕۆیی بكرێت. سەبارەت بە هاتنی لێشاوی پەنابەران بەرەو ئەورووپا، (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بەوە دا كە، چارەنەكردنی كێشەكان و بارودۆخی سەختی ژیان و هەڕەشە بەردەوامەكان، هانی خەڵكی ئاوارەی داوە ڕوو لە ئەوروپا بكەن.
بە باشیشی زانی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیی ئەو ئاوارانە بدات كە لە وڵاتانی لوبنان و ئوردن و توركیا و كوردستان لە نێو كەمپەكاندا دەژین و، لە هەمان كاتیشدا شەڕی تیرۆر و قەیرانی سووریا بە خێرایی یەكلا ببێتەوە بۆ ئەوەی ئومێد بۆ خەڵك بگەڕێتەوە و ڕێگەی كۆچ نەگرنە بەر.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، هەرێمی كوردستان دەرگەی بۆ ئاوارە و لێقەوماوان كراوەیە بەڵام ژمارەی ئاوارەكان ئەوەندە زۆرە كە لە توانای كوردستان چووەتە دەر.
لەبارەی هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان سوپای توركیا و پارتیی كرێكارانی كوردستانەوە، (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی دا، پێشتر هەنگاوی باش بۆ پڕۆسەی ئاشتی نرابوو و جێگەی داخە شەڕ دەستی پێ كردووە كە زیان لە پڕۆسەكە دەدات و هەرێمی كوردستانیش بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ ڕاوەستانی شەڕ و گەڕانەوەی لایەنەكان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.

هەواڵی پەیوەندیدار