سهرۆك بارزانی: ئەوەی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمدا دەگوزەرێت، سەقامگیریی كوردستان تێك نادات

ههولێر-KDP.info- (سهرۆك بارزانی) له پێشوازی باڵیۆزی ههنگاریا له عێراق، جەختی لەوە كردەوە كە ئەوەی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا دەگوزەرێت بە هیچ شێوەیەك سەقامگیریی كوردستان تێك نادات و بابەتێكی سرووشتیی ژیانی دیموكراسییە.
ڕۆژی دووشەممە 7ـی 9ـی 2015 لە سەلاحەدین سهرۆكی ههرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە (تیبور ساتماری) باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراقی فیدڕاڵ كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراقی فیدڕاڵ سڵاوی سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەی بە (سەرۆك بارزانی) گەیاند و جەختیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هەنگاریا كردەوە و ئەوەیشی خستە ڕوو كە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخە و، وێڕای دەربڕینی ڕەزامەندیی تەواوی وڵاتەكەی لە هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای هەنگاریا، (سەرۆك بارزانیی) لە وردەكاریی مەشق و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە لە لایەن ئەفسەر و ڕاوێژكارییەكانی وڵاتەكەی ئاگادار كردەوە. باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراقی فیدڕاڵ ئاماژەییشی بە نیگەرانیی هەنگاریا و وڵاتانی ئەوروپایی كرد به هۆی هاتنی شەپۆلی ئاوارەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوایی و داوای لە سەرۆك بارزانی كرد كە ڕێنوێنیی پێویست بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە بخاتەڕوو.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەل و سەرۆكوەزیرانی هەنگاریای كرد و دەستخۆشیشی لە تیمەكانی ڕاهێنانی سوپای هەنگاریا كرد كە ئەركەكانیان لەگەڵ پێشمەرگە زۆر بەباشی ئەنجام داوە و هەروەها ئامادەیی تەواوی هەرێمی كوردستانی نیشان دا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتی هەنگاریا لە بوارە جیاجیاكاندا.
سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش (سەرۆك بارزانی) جەختی لەوە كردەوە كە ئەوەی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا دەگوزەرێت بە هیچ شێوەیەك سەقامگیریی كوردستان تێك نادات و بابەتێكی سرووشتیی ژیانی دیموكراسیە. لەبارەی پرسی پەنابەر و ئاوارەكان (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەپێدان بەو قەیرانە قووڵانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن ئەوەی خستەڕوو كە كەڵەكەبوونی گرفتە سیاسییەكان و چارەسەرنەبوونیان بووەتە هۆی دەركەوتنی ئەو قەیرانە مرۆڤییە بەرفراوانە و ئەوەی دووپات كردەوە كە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەركردنی پرسی ئاوارەكان ئەوەیە كە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەڵوێستێكی یەكلاییكەرەوەیان لەبەرانبەر قەیرانی سووریا و لیبی و یەمەن و تەنانەت عێراقیش هەبێت و ناكرێ تاهەتایە دۆخی ئەم وڵاتانە بە هەڵواسراوی بمێنتەوە و هەروەها ئەوەیشی بە پێویست زانی كە وڵاتانی ڕۆژئاوا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتی ئەو ئاوارانە بدەن كە لە ئۆردن و لوبنان و كوردستان و توركیا دەژیین و كار بۆ ئەوە بكرێت كە ژیانێكی شاییستەیان بۆ دابین بكرێت و یارمەتیان بدرێت كە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانیان.




