٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

شاندێكی باڵای نۆرویژ: ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی له‌به‌ره‌ی جه‌نگدا ئیلهامبه‌خشه‌ بۆ وره‌ی پێشمه‌رگه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  (سه‌رۆك بارزانی) پێشوازی له‌شاندێكی باڵای نۆرویژ كرد وو له‌ دیدارێكدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نۆرویژ سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مه‌سعوود بارزانی) كرد لەو ڕۆڵەی كە لە سەركردایەتیكردنی شەڕی داعشی گێڕاوە و هەروەها ئامادەبوونی (سەرۆك بارزانی) لە بەرەكانی شەڕی بە هۆكارێكی گرینگ و ئیلهامبەخش لە قەڵەم دا بۆ بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگە و سەركەوتنیان لە بەرانبەر تیرۆریستان. هەروەها ئەوەیشی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لە گشت قۆناغەكاندا.


ئه‌مڕۆ دووشەممە 24ـی 8ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای وڵاتی نۆرویژ كرد كە پێكهاتبوون لە (بۆرگ برێندێ) وەزیری دەرەوە و خاتوو (ئینا ئیركسن سوریدی) وەزیری بەرگری و خاتوو (سیسیل برییا) باڵیۆزی نۆرویژ لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و كاربەدەستی وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی نۆرویژ.
لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی نەروێژ سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد لەو ڕۆڵەی كە لە سەركردایەتیكردنی شەڕی داعشی گێڕاوە و هەروەها ئامادەبوونی (سەرۆك بارزانی) لە بەرەكانی شەڕی بە هۆكارێكی گرنگ و ئیلهامبەخش لە قەڵەم دا بۆ بەرزكردنەوەی ورەی پێشمەرگە و سەركەوتنیان لە بەرانبەر تیرۆریستان. هەروەها ئەوەیشی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لە گشت قۆناغەكاندا.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا وەزیری بەرگریی نۆرویژ سوپاسی ئەو هەماهەنگییە بێوێنەیەی كرد كە لەنێوان ڕاهێنەرە سەربازییەكانی وڵاتەكەی و هێزەكانی پێشمەرگەدا بوونی هەیە و پڕۆسەی ڕاهێنانی پێشمەرگەی بە سەركەوتوو وەسف كرد هەم لە بواری فێربوونی شێوازەكانی شەڕكردن و بەرگری و، هەمیش لە ڕووی بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و زانیاریی پێویست بۆ هێزی پێشمەرگە لە بوارە جیاجیاكاندا.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هاوكاری و پاڵپشتیی وڵاتی نۆرویژ كرد بۆ گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە. هەروەها تیشكی خستە سەر بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و، باسی لە ئامادەیی و ورەی بەرزی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاساییشی كوردستان كرد كە لە هەموو چركەساتێك ئامادەی بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستانن.

پەیوەست بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان (سەرۆك بارزانی) ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە ئەوەی لە كوردستان دەگوزەرێت بابەتێكی سرووشتییە و دەرهاوێشتەكانی ژیانی دیموكراسییە و پڕۆسەی سیاسی هەر چۆنێك بێت كاریگەری لەسەر هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاساییش بۆ شەڕی دژی تیرۆریستان و سەقامگیریی ناوخۆیی دانانێت.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ڕێگەكانی چارەكردنی گرفتەكانی عێراق تاوتوێ كرا و باسیش لە دواڕۆژی سووریا و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا كرا و لەبارەی گرژی و ناكۆكییەكانی نێوان سوپای توركیا و پارتیی كرێكارانی كوردستان (سەرۆك بارزانی) جەختی لەوە كردەوە كە شەڕكردن بژاردەیەكی خەراپە و پێویستە دواجار لایەنە ناكۆكەكان بگەڕێنەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و ئاشتی و بۆ زیندووكردنەوەی پڕۆسەی ئاشتیش هەرێمی كوردستان ئامادەی هەموو یارمەتیدانێكە.
پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و نەوروێژ تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشمەرگە و (د. فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت و (ئەنوەر حاجی عوسمان) بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق (شێروان عەبدوڵڕەحمان) و فەریق (جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار