٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم: مالیكی ڕاست ناكات.. بەرپرساره‌تیی یەكەمی كه‌وتنی مووسڵ له‌ ئه‌ستۆی ئه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  گوته‌بێژی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان لێدوانێكی (مالیكی) ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌‌ له‌بابه‌ت كه‌وتنی مووسڵ تۆمه‌تی خستووه‌ته‌ پاڵ هه‌رێم و رایده‌گه‌یه‌نێت‌ "ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەی لیژنەی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ زۆر بە ڕوونی دەریدەخات كە (مالیكی) بەرپرسی یەكەمی ئەو كارەساتەیە كە بەسەر شاری مووسڵدا هاتووە و بە قسە و تۆمەتی بێبنەما ناتوانێ خۆی لێ بێبەری بكات".


ده‌قی لێدوانی گوته‌بێژی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان:

(نوری مالیكی) سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق كە ئێستا بە سەردانێك لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە بەرانبەر ئەنجامەكانی لیژنەی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ لە لێدوانێكدا كۆمەڵێك بۆچوونی بێبنەمای خستووەتە ڕوو و كەوتنی شاری مووسڵی بە موئامەرەیەكی هاوبەشی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیای لەقەڵەم داوە.
لە وەڵامیدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم لێدوانەی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە ڕاستی و خۆدزینەوەیە لە هۆكارە ڕاستەقینەكانی كەوتنی مووسڵ كە ناوبراو بەرپرسیارێتیی یەكەمی ئەم ڕووداوەی دەكەوێتە سەر شان.


ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەی لیژنەی تایبەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ زۆر بە ڕوونی دەریدەخات كە نووری مالیكی بەرپرسی یەكەمی ئەو كارەساتەیە كە بەسەر شاری موسڵدا هاتووە و بە قسە و تۆمەتی بێبنەما ناتوانێ خۆی لێ بێبەری بكات. ئەوەی  بە سیاسەتە هەڵەكانی زەمینەی بۆ داعش ڕەخساند و گوێی بە هۆشدارییەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەدا و بووە هۆی كەوتنی مووسڵ، شەخسی نووری مالكیە. ئەوەیشی ئێستا لە هێڵی یەكەمی شەڕی تیرۆریستانە و ئەفسانەی داعشی شكاندووە، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.

گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
19ـی 8ـی 2015

هەواڵی پەیوەندیدار