٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان كرد

سەرچاوە: KDP.info

میحوەری رۆژئاوای دیجلە-KDP.info-(سەرۆک بارزانی) لە بارەگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە پێشوازی لە شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کرد و، لە دیدارەکەدا بارودۆخی ناوچە ئازادكراوەكان و بەرەكانی شەڕ تاوتوو كرا ن و جەخت لەسەر پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە كرایەوە و قسەیش لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق كرا.

ئەمڕۆ هەینی 23ـی 1ـی 2015 لە بارەگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە (سەرۆک بارزانی) پێشوازی لە (كوسرەت ڕەسوڵ عەلی) جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح) جێگری دووەمی سكرتێری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و شاندێكی یاوەریان كرد كە پێكهاتبوون لە (هەرێم كەمال ئاغا) و (شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵ) ئەندامانی سەركردایەتی و (ڕێباز بێركۆتی) سەرۆكی فڕاكسیۆنی سەوز لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و (دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ) وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان دەستخۆشیان لە (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی كە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بەدەستیان هێناوە و سەرەخۆشیشیان لە كەسوكاری ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش شەهید بوونە و هیوای چاكبوونەوەیشیان بۆ بریندارەكان خواست.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی ناوچە ئازادكراوەكان و بەرەكانی شەڕ تاوتوێ كرا و جەخت لەسەر پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە كرایەوە و قسەیش لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق كرا.
هەر لەم دیدارەدا باس لە پێویستیی پاراستنی یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لەم بارودۆخە دژوار و پڕهەڕەشەیە كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە یەكڕیزیی نێوان لایەنەكان و پشتگیریی هێزی پێشمەرگە زامنی سەركەوتنی گەلی كوردستانە.

هەواڵی پەیوەندیدار