سەرۆك بارزانی: ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین بۆ ئەوەی ئێزدییەكان سەرفراز بن و، وەك هەموو خەڵكی كوردستان

هەولێر ــ kdp.info ــ سەرۆك بارزانی، پێشوازی لە (قاسم دەربۆ)، پێشمەرگە قارەمانەکەی دەڤەری شنگال کرد و، بە دەم دیدارەکەیانەوە ئاماژەی بەوە دا كە زوڵمی دوژمنان و تیرۆریستان لە خوشك و برا ئێزیدییەكان، هەر ئەو ستەمەیە وا دژمنانی كوردستان لە گەلەكەمانیان کرد؛ بە ناوی ئەنفالەوە 12000 فەیلی و 8000 بارزانی و 180هەزار كوردی گەرمیان و، ناوچەكانی دیكەی كوردستانیان بێسەروشوێن کرد و، کیمیایییان بە هەڵەبجەدا كرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە قاسم دەربۆ، پێشمەرگە قارەمانەکەی دەڤەری شنگال كرد؛ لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی قاسم دەربۆ و هەڤاڵەکانی و ئەو پێشمەرگانەیشی کرد وا دلێرانە خۆیانیان ڕاگرت و، قارەمانانە بەرگرییان لە چیای شنگال كرد و، ڕێگەیان نەدا دەستە گڵاوەکەی تیرۆریستان بگاتە چیای شنگال.
سەرۆك بارزانی لە باسی ئەو نەهامەتییەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكاندا هاتووە، ئاماژەی بەوە دا كە ئەو زوڵم و دەستدرێژییەی دوژمنان و تیرۆریستان کردیان، هەر ئەو ستەمەیە وا دژمنانی كوردستان لە گەلەكەمانیان کرد و، 12000 فەیلی و، 8000 بارزانی و، 180هەزار كوردی گەرمیان و ناوچەكانی دیكەی كوردستانیان بێسەروشوێن کرد و،ا هەڵەبجەیشیان كیمیاباران كردن. دژمنان لەبەر کوردایەتی و ئێزدایەتی، کوردە ئێزدییەکانیان كردە ئامانج؛ بە لای دژمنە تیرۆریستەکانەوە، ئێزدییەكان دوو جار تاوانبارن! ئاخر هەم کوردن و، هەمیش ئێزدی؛ ئێمەیش ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین بۆ ئەوەی ئێزدییەكان سەرفراز بن و، وەك هەموو خەڵكی كوردستان، بۆ خۆیان بە ئازادی بژین.
فەرماندە پێشمەرگە قارەمانەکەی دەڤەری شنگالیش، دەسخۆشیی لە سەرۆك بارزانی كرد و، ئەو ئامادەبوونەی سەرۆك بارزانیی لە بەرەكانی شەڕدا، بە هۆكارێكی گەورەی سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە زانی؛ هاتنەکەی سەرۆك بارزانیشی بۆ سەر چیای شنگال، بە وەرچەرخانێكی مێژووی دەڤەری شنگال لە قەڵەم دا. قاسم دەربۆ بەڵێنی بە سەرۆك بارزانی دا، تا هەتایە بەرگریكاری گەورەیی و رێزی خەڵک و، خاكی كوردستان و شنگال دەبێت و، جەختی لەوەیش كردەوە كە ئێزدییەكان و خەڵكی دەڤەری شنگال، شنگال بە بەشێكی ڕەسەنی كوردستان دەزانن.




