سەرۆك بارزانی بە محەمەد فەرەج و عەلی باپیری ڕاگەیاند: ئەركی لایەنە سیاسییەكان و پیاوانی ئایینە شەڕی ئایدیۆلۆژیای تیرۆر بكەن

هەولێر-KDP.info- یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی، سوپاسی ڕۆڵ و ئامادەبوونی (سەرۆك بارزانی)ـیان كرد كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ سەركردایەتیی شەڕ و سەركەوتنەكانی كردووە و پێزانینیان بۆ ماندووبوون و ڕۆڵی كاریگەری (سەرۆك بارزانی) هەبوو. لەو دیدارەی نێوانیاندا کە لە یەكێك لە بارەگاكانی فەرماندەیی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە ساز درا، لای خۆیەوە (سەرۆک بارزانی) جەختی کردەوە کە، "پێویستە لە ڕووی فكریشەوە بەرەوڕووی هزری توندڕۆیی ببینەوە و ئەوە ئەركی لایەنە سیاسییەكان و پیاوانی ئایینە شەڕی ئایدیۆلۆژیای تیرۆر بكەن."
ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی 12ـی 2014 بە مەبەستی هەواڵپرسین و ئاگاداربوونیان لە ڕەوشی بەرەكانی جەنگ و سوپاسكردنی (سەرۆك بارزانی)، شاندێكی باڵای هەردوو حزبی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆكایەتیی (محەمەد فەرەج) ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو و (عەلی باپیر) ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی هەردوو حزب لە یەكێك لە بارەگاكانی فەرماندەیی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە، سەردانی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنە مەزنەیان لە (سەرۆك بارزانی) كرد كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە دەڤەری شنگال و ڕەبیعە و زووممار بە دەستیانهێناوە.
هاوکات هەردوو حزب، سوپاسی ڕۆڵ و ئامادەبوونی (سەرۆك بارزانی)ـیان كرد كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ سەركردایەتیی شەڕ و سەركەوتنەكانی كردووە و پێزانینیان بۆ ماندووبوون و ڕۆڵی كاریگەری (سەرۆك بارزانی) هەبوو.
شاندی میوان دەستخۆشیشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد كە قارەمانانە بەرگرییان لە خاكی نیشتیمان كردووە و لە شەڕێكی بەرفراوان و نێودەوڵەتیدا تیرۆریستانیان تووشی شكست كردووە. شاندی میوان ئەوەیشیان خستەڕوو كە لە سایەی قوربانیدانی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) پێگەی هەرێمی كوردستان لە هەڵكشاندایە و هەست و سۆز و پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتیی زۆر باش بۆ هەرێمی كوردستان فەراهەم كراوە. شاندی میوان جەختی لە ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی)ـیش كردەوە لە چارەكردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و یەكڕیزیی ناوخۆیی و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كردەوە.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی كردن و لە وتەیەكدا بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی شەڕ و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە دەڤەری زووممار و ڕەبیعە و پلانی ئازادكردنی دەڤەری شنگالی بۆ شاندی میوان شی كردەوە و، وێڕای ئاماژەدان بە قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگە ئەوەی دووپات كردەوە كە، ئێستا ڕۆحێكی تەحەدی و ڕووبەڕووبوونەوەی زاڵمان و تیرۆریستان لەناو خەڵكی كوردستان دروست بووە و سوپاسی خۆڕاگریی گەلی كوردستان و پاڵپشتیی لایەنە سیاسییەكانیشی كرد كە پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوونە.
(سەرۆك بارزانی) باسی لە هۆكارەكانی پەلاماردانی داعش بۆ سەر كوردستان كرد و هێمای بەوەدا كە نەیارانی گەلی كوردستان پاڵیان بە داعش وەنا بۆ ئەوەی پەلاماری كوردستان بدەن، چونكە كوردستان لە مەسەلەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و بووژانەوە ڕێگەیەكی باشی بڕیوە و هەروەها ویستیان لە ڕێگەی داعشەوە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە دەستی كوردستان دەربێنن و بیخەنە سەر نەخشەی وەهمیی خەلافەتەكەی داعش.
(سەرۆک بارزانی) هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە، كوردستان لەژێر هەڕەشەیەكی مەزنی مان و نەماندا بوو، بەڵام بە پشتیوانیی خوا و هێز و بازووی پێشمەرگە و پاڵپشتیی گەل و یارمەتیی دۆستانمان، ئەو پیلانەی دوژمنان سەری نەگرت. (سەرۆك بارزانی) زیاتر لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستان دوا و جەختی لەوە كردەوە كە، "پێویستە لە ڕووی فكریشەوە بەرەوڕووی هزری توندڕۆیی ببینەوە و ئەوە ئەركی لایەنە سیاسییەكان و پیاوانی ئایینە شەڕی ئایدیۆلۆژیای تیرۆر بكەن."
سەبارەت بە ئەو خەڵكە عەرەبانەی لە ناوچە ئازادكراوەكاندا دەژیێن (سەرۆك بارزانی) جەختی لەوە كردەوە كە بەپێی پێوەرە ئینسانییەكان و ئەخلاق و فەرهەنگی بەرزی كوردستانیان، مامەڵە لەگەڵ ئەو خەڵكە دەكرێت كە هیچ پەیوەندییەكان بە تیرۆریستانی داعشەوە نییە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی زەروورەتی پاراستنی یەكڕیزیی نیشتیمانی و لەبەرچاوگرتنی پێویستی و ژیانی خەڵكی كوردستان و هەروەها بەنیشتیمانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و خۆپاراستن لە گوتاری بەرتەسكی حزبایەتی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان كرا.




