سەرۆک بارزانی: هەر ئەوەمان لە گەلی ئێران و كۆماری ئیسلامی چاوەڕوان دەكرد كە پاڵپشت و دۆستمان بن
__2014_12_26_h21m56s30__RM.jpg)
هەولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی (عەلی لاریجانی)ـدا رایگەیاند کە، تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو گەل و وڵاتێك، بۆیە لەپێناو تێكشكاندنی تیرۆر و نەهێشتنیدا، ئەگەرچی ناكۆكیی سیاسی لە نێوان وڵاتانیشدا هەبێت، بەڵام پێویستە بۆ دژایەتیكردنی تیرۆر لەگەڵ یەكتر هاوكار بن. (سەرۆک بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بە مێژوو و كولتوور و بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، راشیگەیاند کە، هەر ئەوەمان لە گەلی ئێران و كۆماری ئیسلامی چاوەڕوان دەكرد كە پاڵپشت و دۆستمان بن.
ئەمڕۆ هەینی 26ـی 12ـی 2014 لە شاری هەولێر سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران (عەلی لاریجانی) و، شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك نوێنەر و ئەندام و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و كۆنسووڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر (مورتەزا عەبادی) و، لەگەڵیاندا كۆ بووەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا كە سەرۆكی پارلەمان (یوسف محەممەد سادق) و، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم (مەسروور بارزانی) و جێگری سەرۆكی پارلەمان (جەعفەر ئێمینكی) و وەزیری پێشمەرگە(مستەفا سەید قادر) و وەزیری ناوخۆ (كەریم شنگالی) و گوتەبێژی حكوومەت (سەفین دزەیی) و بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فەلاح مستەفا) و پارێزگاری هەولێر(نەوزاد هادی)، ئامادەی بوون.
( سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و شاندی یاوەری كرد و ئەو سەردانەی بە دەستپێكی قۆناغێكی تازەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە قەڵەمدا.
(سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەل و حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد كە وەك چۆن لە ڕۆژانی تەنگانە لە قۆناغەكانی پێشوو پشتیوان و پەناگەی خەڵكی ئێمە بوون لە شەڕی تیرۆریستانی داعشیش هاوكار و پاڵپشتی هەرێمی كوردستان بوون.
لە درێژەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بە مێژوو و كولتوور و بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان هەردوولا ئەوەی خستەڕوو كە هەر ئەوەمان لە گەلی ئێران و كۆماری ئیسلامی چاوەڕوان دەكرد كە پاڵپشت و دۆستمان بن.
هەروەها لەبارەی شەڕی تیرۆر و هەڕەشەكانی رایگەیاند كە، تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو گەل و وڵاتێك بۆیە لەپێناو تێكشكاندنی تیرۆر و نەهێشتنی، ئەگەرچی ناكۆكیی سیاسیی نێوان وڵاتانیش هەبێت، بەڵام پێویستە بۆ دژایەتیكردنی تیرۆر لەگەڵ یەكتر هاوكار بن.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد كە لە ئەو و شاندە یاوەرەكەی كراوە و ئەوەی بۆ (سەرۆك بارزانی) خستە ڕوو كە هاتووە لە نزیكەوە لەبارەی هەڕەشەی تیرۆر بیروڕا ئاڵوگۆڕ بكەن و بەلای وڵاتەكەیشیەوە هەڕەشەی تیرۆر زۆر جیددییە و هەموو لایەك دەكاتە ئامانج و پێویستیشە وڵاتانی ناوچەكە ڕۆڵی خۆیان لە دژایەتیكردنی تیرۆر بگێڕن.
سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بەوەی كە هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر جیددی و سەركەوتووە و یارمەتیدانی هەرێمی كوردستانیشی بە ئەركێكی دۆستانەی وڵاتەكەی زانی و ڕایشیگەیاند كە كۆماری ئیسلامیی ئێران هەتا دوایین چركە لە شەڕی دژی تیرۆردا هاوكار و پاڵپشتی هەرێمی كوردستان دەبێت.
هەر لەم دیدارەدا هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە بوارە سیاسی و فەرهەنگی و ئابوورییەكان و هەروەها پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوولا كردەوە.
جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران بە یاوەریی شاندێكی پارلەمانیی كۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی شاری هەولێری كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن سەرۆكی پارلەمان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و ئیداریی هەرێم پێشوازی كرا و دواتریش شاندەكەی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران و سەرۆكی پارلەمانی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم سەردانی ناو شاریان كرد و قەڵای هەولێریان بەسەر كردەوە.




