سەرۆک بارزانی: ئاواتم بوو لەسەر ئەم چیایەوە پیرۆزبایی سەركەوتن لە گەلی كورد بكەم.. ئەمە سەرکەوتنی تەواوی ئازادیخوازانی دنیایە

شنگال-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) لە سەری چیای شنگالەوە رایگەیاند، بەختەوەرە کە لەسەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، کە وەک سەرۆک گوتی، "300کم چوارگۆشە لە 24 سەعاتی ڕابردوودا لە تیرۆریستانی داعش پاک کراوەتەوە و، تەواوی ناوچەکەیش ڕزگار دەکەن.
دوای سەركەوتنی ئۆپڕاسیۆنەكانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (سەرۆك بارزانی) لە هەردوو میحوەری ڕەبیعە بۆ چیای شنگال و زوومار بۆ چیای شنگال و ئازادكردنی ناوچەیەكی بەرفراوان لە ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلە و دەڤەری ڕەبیعە و زوومار و شنگال، ئەمڕۆ یهكشهممه 21/12/2014 (سەرۆک بارزانی)گهیشته سەر چیای شنگال و لەوێ پەیامێكی ئاراستەی گەلی كوردستان كرد و ڕایگەیاند "ئاواتم بوو لەسەر ئەم چیایەوە پیرۆزبایی سەركەوتن لە گەلی كورد بكەم".
(سەرۆک بازرانی) کەمێک لەمەربەری ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەری چیای شنگالەوە، دەربارەی هەڵمەتی ئازایانەی پێشمەرگە لە ئازادکردنی ناوچەکانی کوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، "پلانەکە پێشبینی نەدەکرا بەم خێراییە سەرکەوێ، کە پێشمەرگە وەها قارەمانانە پێشڕەوی بکا و تیرۆریستان تێک بشکێنێ."
(بارزانی) سەرەتا پیرۆزبایی لە كوردانی ئێزدی كرد بەبۆنەی ئازادکردنی بەشێكی زۆری ناوچەكانیان لەلایەن پێشمەرگەوە و دەستخۆشیشی لە پێشمەرگە كرد و قارەمانەتی ئەوانی وەها وەسف کرد "داستانێكی مێژووییتان تۆمار كرد، كە لەماوەی 24 سەعاتدا دوو رێگای سەرەكیی رەبیعە - شنگال و زوممار - شنگالتان ئازاد کرد".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاوکات سڵاوی بۆ شەهیدانی پێشمەرگەیش نارد و گوتی "دڵنیام ئێستا ئەوان بەم سەركەوتنە لە ئێمە خۆشحاڵترن".
(بارزانی) هاوکات رایگەیاند، نزیکەی ڕووبەرێکی زۆر کەم ماوە لە خاکی کوردستان کە ئازاد نەکرابێ.
ڕایشیگەیاند، بەشێکی زۆری شارۆچکەی شنگال ئازاد کراوە و پشتیوان بە خوا و بازووی پشێمەرگە قارەمان و نەبەردەکان، لە نزیکترین وەختدا بە تەواوی ئازاد دەکرێ.
(سەرۆک بارزانی) هەروەها گوتی "بێگومان کاتێک داعش توشی شکست بوو، زۆرێکیان بەرەو سووریا و بەعاج و مووسڵ ڕایان کردووە.. پشتیوان بە خوا بستێک خاکی کوردستان بە دەست تیرۆریستانەوە ناهێڵین."
دەربارەی ئەم سەرکەوتنەی پێشمەرگەی کوردستان گوتی "ئەمە سەرکەوتنی تەواوی ئازادیخوازانی دنیایە و بۆ عێراقیش بە هەمان شێوە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی کرد و پێوەندیشمان هەیە، هەماهەنگیشمان هەیە بۆ وەدەرنانی تیرۆریستان."
پێوەست بە هاوکارییەکانی پشێمەرگە لە لایەن هاوپەیمانانی بنەبڕکردنی تیرۆریستانی داعش کە ئەەمریکا ڕابەرایەتیی دەکات ڕایگەیاند، "لەسەر ئەو باوەڕەین کە ئەگەر تانک و چەکی قورسمان هەبوایە، ئەوا زووتر دۆخەکەمان دەخستە ژێر دەستی خۆمان و تیرۆریستانمان وەدەردەنان.. زووتر سەرکەوتنمان رادەگەیاند."
دەربارەی ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەیشی کە ئازاد کراون رایگەیاند، "دەوروبەری چیای شنگال هەمووی ڕزگار کراوە و، بەرنامەیش دەبێ بۆ پاککردنەوەی مین و گێڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ شوێنەکانی خۆیان."
ئەڵبەت (سەرۆک) باوەری وایە کە، ئەمە شەڕێکی درێژخایەنە و "نابێ پێمان وابێ داعش کۆتایی هاتووە، ڕەنگە لە جێیەکی دی هەڵتۆقێتەوە، ئەوەی لەسەرمانە پاراستنی خاکی کوردستانە، لە هەر جێیەک بن و سەردربێننەوە بەرەووڕوویان دەبینەوە."
ئەوەی کە پێوەندی بە قەرەبووی ئاوارەکانیشەوە هەیە، ڕایگەیاند، "ئەوە ئەرکی حكوومەتی هەرێم و بەغدایە کە پێویستە پیوەندییان هەبێ لە چۆنیەتیی قەرەبووکردنەوەیان، بەڵام بە لای منەوە ئەوە گرینگە کە قەرەبووی سایکۆلۆژیی ئەو خەڵکە بکرێتەوە.. ئەمە لەسەرووی هەر شتێکی دیکەوەیە."
دەربارەی پلانی دواتریش (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند، ئەمە پرسێکە و ناکرێ بگوترێ؛ لەبارەی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵیشەوە رایگەیاند "ئەگەر حکوومەەی عێراق بەرنامەی ئازادکردنی مووسڵی هەبێ، ئێمە دیراسەی دەکەین و ئامادەی هاوکاری دەبین، دەکرێ ئێمە لەسەر زۆر شت لەسەریان ڕێک بکەوین."




