٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سەرۆک بارزانی: جێگەی ئومێدی هەموو دنیای ئازادن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا (جۆو بایدن) جارێکی تر پشتگیریی حکوومەتی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و ڕایگەیاند، "ئێوە جێگەی ئومێدی هەموو دنیای ئازاد و هەموو ئەوانەن کە دژی تیرۆرن، بۆیە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت."

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی 12ـی 2014، جێگری سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا(جۆو بایدن) لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)ـیەوە كرد.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جێگری سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەستخۆشیی لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە توانیویانە سەرکەوتنی بەرچاو بە دەست بهێنن و سەرسامیی خۆی بە توانا و ئازایەتیی پێشمەرگە نێشان دا.
(جۆ بایدن) جارێکی تر پشتگیریی حکوومەتی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و ڕایگەیاند، کە ئێوە جێگەی ئومێدی هەموو دنیای ئازاد و هەموو ئەوانەن کە دژی تیرۆرن، بۆیە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
جێگری سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە دەرهێنانی ناوی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە لیستی ڕەش یان دیاریکراواندا، ڕایگەیاند کە "ماوەیەکی زۆرە خۆمان و کۆنگرێس کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەین، چونکە بە ڕاستی دانانی ناوی ئەو دوو پارتەی کوردستان لەو لیستە کارێکی زۆر نابەجێ و نەشیاو بوو، خۆشبەختانە دوای هەوڵەکان ئێستا کۆنگرێس بە یاسا ئەوەی چەسپاند کە نەدەبوو ناوی ئەو دوو پارتە لەو لیستەدا بێت و بە فەرمی ناویان لە لیستە دەرهێندرا و ئەوەش دەبێتە هۆی ئاسانکاری و ڕێگەخۆشکەر بۆ پێدانی ڤیزا بە ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان."

لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) سوپاسی خۆی بۆ (سەرۆک ئۆباما) و (جۆو بایدن) و گەلی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەربڕی بۆ ئەو پشتگیرییەی کە پێشکەشی گەلی کوردستانیان کردووە و ڕایگەیاند کە ئەو پشتگیری و هاوکارییە هێزی زیاتری دایە گەلی کوردستان، بەتایبەتییش بەشدارییکردنی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان کاریگەریی زۆری هەبووە.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە خرایە بەرباس.
 

هەواڵی پەیوەندیدار