٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزنی: شێوازی دیاریكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆن نادروستە.. ناكرێ بە بیرێكی تەسكی حیزبی مامەڵە لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردندا بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند کە، شێوازی دیاریكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆن نادروست بووە و گوتیشی، ئەم بابەتە زیان بە پێگە و ناوبانگی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت. هاوکات جەختی کرد كە، "كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دامەزراوەیەكی نیشتیمانییە و ناكرێ بە بیرێكی تەسكی حیزبی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و، پێویستە هەموو لایەك بەشداریی ڕاستەقینەیان هەبێت و هیچ لایەنێكیش بۆی نییە لەجیاتی پێكهاتەكان نوێنەر دیاری بكات."

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی 12ـی 2014 لە سەڵاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەران و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی توركمان و كلدان ئاشوور سریان و ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستان كرد و لەگەڵیاندا كۆبۆیەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا قسە لەبارەی چۆنییەتی دیاریكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان كرا و، نوێنەران و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی توركمان و كلدان ئاشوور سریان و ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستان، نیگەرانیی خۆیان لەبارەی شێوازی دیاریكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆن و پشتگوێخستنی بەش و داواكارییەكانیان لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند. هەروەها ئەوەیان خستەڕوو كە هەماهەنگینەكردنی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەگەڵ پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە مەسەلەی دیاریكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن سابیقەیەكی خراپ دروست دەكات و ترسی ئەوەیان هەیە بابەتی لەمشێوەیە لە داهاتوویشدا دووبارە ببێتەوە.

نوێنەران و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی توركمان و كلدان  ئاشوور سریان و ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستان داوایان لە (سەرۆك بارزانی) وەك پارێزەری ماف و داواكاریی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان و عێراق كرد كە، ڕێگە لەوە بگیرێت مافەكانیان لە كۆمیسیۆن پشتگوێ بخرێت و پێكهاتەكان نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەیان لە كۆمیسیۆندا هەبێت. هەروەها سوپاسی (سەرۆك بارزانی)ـشیان كرد كە هەردەم بە دەنگ داواكاری و مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان هاتووە و بایەخیان پێ دەدات.


لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ داواكاریی شاندی میوان ڕاگەیاند و، جەختی كردەوە كە، شێوازی دیاریكردنی ئەندامانی كۆمیسیۆن نادروست بووە و ئەوەی خستەڕوو كە ئەم بابەتە زیان بە پێگە و ناوبانگی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت. ڕایشیگەیاند "كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دامەزراوەیەكی نیشتیمانییە و ناكرێ بە بیرێكی تەسكی حیزبی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و پێویستە هەموو لایەك بەشداریی ڕاستەقینەیان هەبێت و هیچ لایەنێكیش بۆی نییە لەجیاتی پێكهاتەكان نوێنەر دیاری بكات."


(سەرۆك بارزانی) نوێنەران و سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی توركمان و كلدان ئاشوور سریان و ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستانی لەوە دڵنیا كردەوە كە، هەروەكچۆن لە پڕۆسەی نووسینەوەی دەستووری عێراقیدا پێداگیری لەسەر چەسپاندنی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق كردووە، ئەوهایش بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردن و پاراستنی مافەكانیان.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی دووپات كردەوە كە، هەموو تواناكانیشی دەخاتە گەڕ بۆ گەییشتن بە چارەیێكی گونجاو.

هەواڵی پەیوەندیدار