٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

بارزانی ئەو دوو هۆکارە ئاشکرا دەکات کە پاڵیان بە داعشەوە نا پەلاماری کوردستان بدات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆک بارزانی) ئەو دوو هۆکارە ئاشکرا دەکات کە بە هۆیانەوە پاڵ بە داعشەوە نراوە تا پەلەماری کوردستان بدات. (بارزانی) جەخت دەکاتەوە کە لە ئێستادا لەوە دەکۆڵنەوە تا بزانن کێن ئەوانەی پاڵنەر بوون داعش بە گژ کورددا بکەن.

(بارزانی) نایشارێتەوە کە، وێناکردنەکان بۆ دۆخی سەرەتای هەڵتۆقینی داعش وەها بوو کە، بە هۆی فراوانیی بەرەکانی شەڕکردنیان و بە هۆی ئەو ژمارە زۆرەی عەرەب کە زیاتر لە 200هەزار دەبوون و زۆرینەیشیان سوننەمەزهەب بوون، پەلاماری کوردستان نەدەن، بەڵام دواتر دەرکەوت کە، "یەکەم/ پڕۆسەی سەربەخۆیی کوردستان و ڕیفراندۆم گەییشتە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتوو، مەبەستیان لە ڕێی داعشەوە لەم پڕۆسەیە بدەن. ئەڵبەت سەد و هەزاران داعشیش بێن، ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێ و مومکین نییە پاشکشەی لێ بکەین."


هۆکاری دووەمیش وەک (سەرۆک بارزانی) ئەمڕۆ سێشەممە بۆ ئەو پێشمەرگانەی باس کرد کە لە کۆبانی گەڕاونەتەوە، "عەرەبە سوننەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون کە کوێرانە دوای داعش کەوتن و وایان زانی کە، ئیدی داعش ئەو ناوچانە لە کورد پاک دەکاتەوە و بە ئاسانی دەکەونە ژێر دەستی خۆیان و کێشەکان چارە دەبن. هەروەها پێیان وا بوو کە تا شاخەکان ڕاوماندەنێن و ئێمەیش لەو شاخانەدا دەمێنینەوە، جا ئەگەر بەزەیییان پێمان داهاتەوە لەوێ وازمان لێ دەهێنن، دەنا لەوێیش دەرمانبکەن."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئەڵبەت حیساباتی ئەوان هەڵە بوو و نەیاندەزانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی وەها خێرا دێن و کۆمەکیمان دەکەن، دووەم، لەسەر ئەو باوەڕە نەبوون کە پێشمەرگە ئەو بەرگرییە دەکات.. ئەوان وایاندەزانی لە هەر پەلامارێکدا پێشمەرگە پاشەکشە دەکات و خۆی بۆیان ناگرێ، بەڵام دەرکەوت کە دووجار هەڵەن و ڕەنگە ئەگەر لە ئەوانە بپرسی کە هانی دان و داعش خۆیشی پەشیمان بن لەوەی پەلاماری کوردستانیان دا."

(سەرۆک بارزانی) ئاماژەیشی بە شەهیدبوونی ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە قارەمانەکان  و بریندارەکانیش دا، کە لەپێناو بەرگریی لە خاکی کوردستان خۆیان کردە قوربانی، هاوکات لە ڕووی ماددییشەوە هەرێم زیانبار بوو، بەڵام سەنگی هەرێم چووە ئاستێکی باڵاتر، ئێستا سەرۆک و شا و سەرۆکوەزیرانی جیهان ددان دەنێن بەوەدا کە، پێشمەرگە ئازایانە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەکات، ئەمە شانازی و ئابڕوویێکە کە بە سامانی دنیا ناکڕدرێ."

زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار