٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی كاندیدی كەسێتی ساڵە

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریكا-KDP.info-  گۆڤاری تایمی ئەمەریكایی (سەرۆك بارزانی)ـی وەك كەسێتیی ساڵ دەستنیشان كردووە و لە پاڵ ئەویشدا 7 كەسایەتیی دیكەی كاندید كردوون كە گشت كاندیدەكان، كاریگەریی گەورەیان لە ئاست جیهاندا هەبووە.


گۆڤاری ناسراوی تایمی ئەمەریكایی، بۆ ئەمساڵیش هەشت كەسێتیی ساڵی دەستنیشان كردوون، (سەرۆك بارزانی) لە لیستی هەشت كەسێتییەكەدایە و رۆڵی (سەرۆك بارزانی) وەها دیاری كردووە كە، لە 2005ـەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و، بە دیپلۆماسیەتی حەكیمانەی توانیویەتی هەنگاو بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بنێت و ناوچەكە سەربەخۆ بكات، هەروەها لە دژی جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریادا دەجەنگێ.


بڕیاریشە لە مەڕاسیمێكدا رۆژی چوارشەممەی داهاتوو 10ـی كانوونی یەكەم لە شاری نیویۆڕكی ئەمەریكا براوەی نازناوەكە ئاشكرا بكرێت.


7 كاندیدەكانی دیكەیش بریتین لە، سەرۆكی رووسیا(ڤلادمیەر پوتنی)، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ئەپڵ(تیم كوكی)، (جاك مای) دامەزرێنەری كۆمپانیای بازرگانی چینی عەلی بابا، بەڕێوەبەری گشتیی خولی تۆپی پێی ئەمەریكا (رۆجەر گودێل) و كچە گۆرانیبێژی ئەمەریكایی (تایلەر سویفت).


هەروەها گۆڤارەكە ناوی دوو گرووپیشی بۆ ئەو نازناوە دەستنیشان كردوون، كە ئەوانیش خۆپیشاندەرانی شاری فێرگسۆنی ئەمەریكا، كە تایبەت بوو بە ناڕەزایەتییەكانی ئەو شارە بەرامبەر بە سیستەمی دادی ئەمەریكا سەبارەت بە كوشتنی گەنجێكی رەشپێستی ئەمەریكایی بەناوی (مایكڵ بڕاون) لەلایەن پۆلیسێكی سپیپێستەوە كە دادگای ئەو شارە، پۆلیسەكەی بە بێتاوان لەقەڵەمدا.


گرووپەكەی دیكە بریتییە لەو كەسانەی هاوكاری و یارمەتیی تووشبووانی نەخۆشیی ئیبۆلایان كردووە، كە نەخۆشییەكی كوشندەیە و ئەمساڵ لە چەندین وڵاتی كیشوەری ئەفریقا پەرەی سەند و بە هەزاران تووشبووی كوشت.


لەبارەی كاندیدەكانەوە و بنەمای دەستنیشانكردنی ئەو كەسانە، (نانسی گیبس) یەكێك لە بەڕێوەبەری نووسینی ئەو گۆڤارە دەڵێ: "كاندیدەكان لە سەر بنەمای ئەوە دەستنیشان كران كە گۆڤاری تایم پێی وایە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر رووداو و هەواڵەكانی ئەمساڵی جیهان هەبووە." (گیبس) ئەوەشی ئاشكرا كرد كە، كەسی براوە لە لایەن بەڕێوەبەران و دەستەی نووسەرانی گۆڤارەكەوە دەستنیشان دەكرێت.


ئەم نازناوە لەسەر ئاستی جیهان ناووبانگێكی زۆری هەیە و هەموو ساڵێك گۆڤاری تایم، كەسایەتییەكی جیهان بۆ ئەو نازناوە دەستنیشان دەكات و براوەی ساڵی رابردوو پاپا فڕانسیسی پاپای ڤاتیكان بوو، دوو ساڵ لەمەوپێشیش باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمەریكا بوو.


گۆڤاری تایم لەساڵی 1927ـوە ئەم نازناوە دابەش دەكات و هەتا ئێستا چەندین كەسایەتی بەناوبانگ و سەرۆكی وڵاتانی جیهان نازناوەكەیان بە دەست هێناوە.

یەحیا سابیر
 

هەواڵی پەیوەندیدار