٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

بارزانی: سەرباری سەختییەكان گەلی كوردستان خۆی بە دەستەوە نەدا.. وەزیری بەرگریی كرواتیا: پێشمەرگە دلێرانە شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەل (سەرۆک بارزانی)، وەزیری بەرگریی كرواتیا دەڵیت، كرواتیایش وەك هەرێمی كوردستان لە یەك كاتدا لە شەڕدا بوو و ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی دەحەواندەوە و لە هەمانكاتیشدا كاری بۆ گەشەپێدان و بنیاتنان دەكرد. هەروەها سوپاسی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەیشی كرد كە دلێرانە شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی 12ـی 2014 لە سەلاحەدین، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، پێشوازی لە وەزیری بەرگریی كرواتیا(ئانتێ كۆترۆمانۆڤیچ) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا  وەزیری بەرگریی كرواتیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) و سەردانی بۆ كوردستان نیشان دا و خەباتی گەلی كوردستانی لە پێناو ئازادیدا بەرز نرخاند، هاوکات ئاماژەی دا كە، مێژووی گەلی كوردستان و گەلی كرواتیا لە خەبات و قوربانیداندا لەپێناو خاك و ئازادیدا هاوشێوەی یەكترە. كرواتیایش وەك هەرێمی كوردستان لە یەك كاتدا لە شەڕدا بوو و ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی دەحەواندەوە و لە هەمانكاتیشدا كاری بۆ گەشەپێدان و بنیاتنان دەكرد. هەروەها ئەوە هاوشێوەبوونەیشی وەك بنەمایەكی پتەو بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا لە قەڵەم دا.
لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش وەزیری بەرگریی كرواتیا ئەوەی خستەڕوو كە، ئەم هەڕەشەیە تەنیا بۆ سەر كوردستان نییە، بەڵكو بۆ هەموو وڵاتانە و سوپاسی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەیشی كرد كە دلێرانە شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكەن.
وەزیری بەرگریی كرواتیا ئامادەیی وڵاتەكەیشی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە لە بواری سەربازی و مەشقپێكردندا، هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگەی بكات.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی وەزیری بەرگریی كرواتیا و شاندی یاوەری كرد و، سوپاسی هەڵوێستی وڵاتی ی كرد لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان و جەختی لە ئامادەیی هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
هەر لەم دیدارەدا (سەرۆك بارزانی) لە گوتەیەكدا كورتەیەكی لە مێژووی خەبات و كۆڵنەدان و قوربانیدانی گەلی كوردستان بۆ شاندی میوان باس كرد و ئەوەی خستەڕوو کە، سەرباری هەموو نەهامەتی و سەختییەكان گەلی كوردستان خۆی بە دەستەوە نەدا و سەریش كەوت و لە پاراستنی خۆی و گەشەسەندندا بەردەوام دەبێت.
(سەرۆك بارزانی) پەیوەست بە هەڕەشەی تیرۆریستان هێمای بەوەدا كە، شەڕی تیرۆر تەنیا بە لایەنێك ناكرێت، بەڵكو هەڕەشەیەكە بۆ هەموو لایەك و ڕووبەڕووبوونەوەیشی پێویستی بە هەوڵێكی هاوبەشی هەموو لایەك هەیە. گوتیشی کە، پاش پەلاماری تیرۆریستان بۆ كوردستان پێشمەرگە بە ئیمكانیاتی كەم و چەكی كۆن توانی قارەمانانە هێرشی داعش ڕابگرێت و تووشی شكستی بكات.
قسەكردن لەبارەی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا  تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و، هەردوولا ڕێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقیان بە هەنگاوێكی ئەرێنی وەسف كرد.
جێگەی ئاماژەیە لەم كۆبوونەوەیەدا وەزیری پێشمەرگە(مستەفا سەیدقادر) و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم(د. فواد حوسێن) و بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە(ئەنوەر حاجی عوسمان) و (جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت(فەلاح مستەفا) ئامادە بوون.
 

هەواڵی پەیوەندیدار