سەرۆك بارزانی لە پێشوازی وەزیری چیك: كورد شەڕی رێكخراوێكی تیرۆریستیی دڕندە دەكات

هەولێر-KDP.info- (سەرۆك بارزانی) لە پێشوازیی وەزیری دەرەوەی كۆماری چیك (لووبۆمیر زاورالیك)ـدا رایگەیاند، گەلی كوردستان بە درێژاییی 1500 كیلۆمەتر شەڕی ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی دڕندە دەكات كە، ئیمكانیات و چەكی دوو دەوڵەتی لە دەستە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی 11ـی 2014 لە شاری هەولێر (سەرۆك بارزانی) پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی كۆماری چیك (لووبۆمیر زاورالیك) و شاندێكی یاوەری كرد كە، لە جێگری وەزیری بەرگری(توماس كۆچتا) و باڵیۆزی كۆماری چیك لە عێراق (ئەلەكساندەر لانگەر) و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری حكوومەتی چیك پێكهاتبوو.
لە دیدارەكەدا كە وەزیری پێشمەرگە (مستەفا سەید قادر)، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم (فواد حوسێن)، بەرپرسی فەرمانگەی پَیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم (فەلاح مستەفا) ئامادە بوون، وەزیری دەرەوەی كۆماری چیك ستاییشی پێشكەوتن و خۆشگوزەرانیی هەرێمی كوردستانی كرد لەو ناوچەیەی كە پڕە لە ململانێ و كێشە، ئەوەیشی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی بە بایەخەوە سەیری كوردستان دەكات و، بەنیازە ئاستی نوێنەرایەتییشی لە نووسینگەی هەماهەنگی بۆ كردنەوەی كونسوڵخانە لە هەرێم بكاتەوە. وەزیری دەرەوەی كۆماری چیك وێڕای ئاماژەدان بە پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان پاڵپشتیی كۆماری چیكی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی ئامادەیە لە بوارە جیاجیاكاندا پشتیوان و هاوكاری هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی بێت و، هەروەها لە بواری ئاوەدانكردن و ئابووری بەشداری پڕۆسەی پێشكەوتنی هەرێم بێت.
وەزیری دەرەوەی كۆماری چیك هەوڵەكانی هەرێمی كوردستانیشی لەبارەی یارمەتیدانی ئاوارەكان و پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە هەڕەشەی تیرۆریستانی بەرز نرخاند و، ویستی وڵاتەكەیشی ڕاگەیاند كە لە بواری مرۆیی و یارمەتیدانی ئاوارەكان بەپێی تواناكانی خۆی هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی كۆماری چیك و شاندی یاوەری كرد و وێڕای ئاماژەدان بە خواستی پێشكەوتن لە ناو گەلی كوردستان ئەوەیشی باس كرد كە ئاوەدانی و پێشكەوتنی كوردستان نیشان دەدات كە گەلەكەمان ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت دەتوانێ پێش بكەوێت و وڵاتی خۆی ئاوەدان بكات. (سەرۆك بارزانی) سوپاسی پشتگیریی گەل و حكوومەتی چیكی كرد و پێشوازیشی لە بڕیاری كردنەوەی كونسوڵخانەی وڵاتی چیك لە شاری هەولێر و فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرد.
لە درێژەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئەمنی و هەڕەشەكانی تیرۆر و ئەوەی بۆ شاندی میوان شی كردەوە كە گەلی كوردستان بە درێژایی 1500 كیلۆمەتر شەڕی ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی دڕندە دەكات كە ئیمكانیات و چەكی دوو دەوڵەتی لە دەستە. ئەو ڕێكخراوە سوپایەكی پێكهێناوە كە پڕە لە تیرۆریستی بیانی كە لە سەرانسەری جیهان و هەموو كیشوەرەكان هاتوون و پەلاماری گەلی كوردستان دەدەن. (سەرۆك بارزانی) سوپاسی پاڵپشتی وڵاتانی دۆستی گەلی كوردستانی كرد و جەختیشی لەوە كردەوە بۆ گەلی كوردستان جێگەی شانازییە كە پێشمەرگە شەڕی تیرۆریستان دەكات و بەرگری لە وڵاتی خۆی دەكات و ئاوارەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانیش دەپارێزێت. (سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بە بارودۆخی ئاڵۆز و گەشەسەندنی تیرۆر لە سووریا دا و باسی لە چوونی پێشمەرگە كرد بۆ یارمەتیدانی كۆبانی و ڕایگەیاند كە لە سووریا تەنیا گەلی كورد توانیویەتی لەبەرانبەر داعشدا خۆڕاگر بیت و پەلاماری تیرۆریستان تێك بشكێنێت.




