سەرۆك بارزانی: هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی جیهان و گشت دەوڵەتان جیددییە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پێشمەرگە توانی ڕێگە لە پێشڕەویی تیرۆریستان بگرێت و تیرۆریستان لە زۆربەی ئەو ناوچانە وەدەر بنێن كە داگیریان كردبوون. دەشڵێت، هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی جیهان و گشت دەوڵەتان جیددییە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیشی پێویستە لە بواری فیكری و ئابوورییشەوە شەڕیان بكرێت و سەرچاوەی دارایی و داهاتیان وشك بكرێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، ئەم قسانەی لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی چەپ لە پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ (گریگۆ گیزی) و شاندێكی یاوەریدا كرد كە ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی سەڵاحەددینیان كرد و پێشوازی كران.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی چەپ لە پەرلەمانی ئەڵمانیا سوپاسی (سەرۆك بارزانی)ـی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سڵاوی ڕاوێژكار و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای بە سەرۆكی هەرێم گەیاند. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا، ئەوەی خستەڕوو كە ئێستا لەسەر ئاستی جیهاندا كورد ڕێز و پێگەیەكی زۆر باشی هەیە و كوردستان بۆ ماوەیەكی درێژ چەوسێندراوەتەوە، بەڵام توانیویەتی كار بۆ ئازادی بكات و ڕێگەی خۆی سەركەوتووانە بكاتەوە.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی چەپ لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی)ـی لەو پێشكەوتنەدا بەرز نرخاند و هەروەها دەستخۆشییشی لە هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە كرد كە توانیویانە ڕێگە لە تیرۆریستان بگرن و ئێزدی و مەسیحی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ناوچەكە بپارێزن.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی چەپ لە پەرلەمانی ئەڵمانیا هێمایشی بەو كارە مەزنەی هەرێمی كوردستان دا كە بووەتە پەناگەی سەدان هەزار ئاوارە و پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی لە یارمەتیدانی مرۆیی بۆ كوردستان و هەروەها هاوكاریكردن و مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگە دووپات كردەوە.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی ڕاوێژكار و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای كرد و هەروەها دەستخۆشییشی لە پاڵپشتی و هاوكارییەكانی ئەڵمانیا كرد بۆ گەلی كوردستان و پێشمەرگە و بە كاریگەر لە قەڵەمی دا.
هەر لەم دیدارەدا (سەرۆك بارزانی) تیشكی خستە سەر بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە و تیرۆریستان و ئاماژەی بەوە دا كە، پێشمەرگە توانی ڕێگە لە پێشڕەویی تیرۆریستان بگرێت و تیرۆریستان لە زۆربەی ئەو ناوچانە وەدەر بنێن كە داگیریان كردبوون.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی دووپات كردەوە كە، هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی جیهان و گشت دەوڵەتان جیددییە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیشی پێویستە لە بواری فیكری و ئابوورییشەوە شەڕیان بكرێت و سەرچاوەی دارایی و داهاتیان وشك بكرێت.
سەبارەت بەو هاوكارییە سەربازیانەی لە لایەن وڵاتانەوە پێشكەشی پێشمەرگە كراوە، (سەرۆك بارزانی) ئەوەی خستە ڕوو كە، هێشتا ئەو هاوكاریانە لە ئاستی ئەو هەڕەشە و تەحەدیاتەدا نییە كە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕووبەڕووی كوردستان بووەتەوە، كەچی لە بەرانبەریشدا تیرۆریستانی داعش ئیمكانیات و چەكی پێشكەوتووی دوو دەوڵەتیان كەوتووەتە دەست.
(سەرۆك بارزانی) پێوەست بە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش جەختی لەوە كردەوە كە، بۆ گەلی كوردستان جێگەی شانازییە پێشمەرگە قارەمانانە شەڕی تیرۆریستانی دڕندە دەكات و لە بەرانبەریاندا وەستاوە.
لەبارەی بارودۆخی ئاوارەكانیش (سەرۆك بارزانی) ئەوەی بۆ شاندی میوان شی كردەوە كە بە هەموو توانایەك یارمەتییان دەدەین و دەیانپارێزین، بەڵام ئاستی كارەساتەكە و ژمارەی ئاوارەكان یەكجار زۆرە و لە تواناكانی هەرێمی كوردستان تێپەڕیوە، بە تایبەت كە لە وەرزی زستاندا پێویستییەكان زیاتر دەبێ و ئاوارەكانیش تووشی بارودۆخێكی نالەبارتر دەبنەوە.
هەر لەم دانیشتنەدا قسە لەبارەی بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا كرا.




