سەرۆك بارزانی: هێزی ئێمە لە یەكگرتووییماندایە.. بمانەوێ گەلێكی ئازاد بین، دەبێ یەك بگرین

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، "نابێ بیانوو بدەینە دەست شۆڤێنی و فاشیستەكان بۆ ئەوەی لە ناوچەكەدا شەڕی نێوان نەتەوەكان هەڵبگیرسێنن. لەگەڵ ئەوەیشدا گەلی كورد تەعەددا لە كەس قبووڵ ناكات و لە بەرانبەر زوڵم و داگیركاریدا بەرگری لە خۆی دەكات". لەبارەی چوونی پێشمەرگەیش بۆ كۆبانی، ڕایگەیاند، چوونی پێشمەرگە بۆ یارمەتیدانی كۆبانی، هەستی نەتەوەیی كوردانی بەرز كردەوە و یەكگرتوویی كوردی بەهێزتر كرد و ئەوەیشی دووپات كردەوە كە، "هێزی ئێمە لە یەكگرتووییماندایە و ئەگەر بمانەوێ گەلێكی ئازاد بین، دەبێ یەك بگرین."
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە سەڵاحەددین پێشوازی لە سەرۆكی شارەوانیی ئاگری (سری ساكیك) كرد.
لە دیدارەكەدا كە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم (فوئاد حوسێن) ئامادەی بوو، سەرۆكی شارەوانیی ئاگری سوپاسی (سەرۆك بارزانی)ـی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و، وێڕای ئاماژەدان بە پێشڤەچوونی دۆزی كورد لە باكوور، جەختی لەوە كردەوە كە، ڕێكاری ئاشتی و كاری سیاسیی دۆزی كورد بەهێزتر دەكەن.
هەروەها سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و هەرێمی كوردستانی كرد بۆ یارمەتیدانی ڕۆژئاوا و كۆبانی و ڕایگەیاند كە، چوونی پێشمەرگە بۆ یارمەتیدانی خوشك و براكانی لە كۆبانی هەنگاوێكی مێژوویی بوو و، دڵی هەموو كوردێكی لە جیهان شاد كرد.
سەرۆكی شارەوانیی ئاگری ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی)ـی لە یارمەتیدانی دۆزی كورد و پڕۆسەی ئاشتی لە باكوور و، هەروەها هەوڵدان بۆ یەكگرتنی لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا بەرز نرخاند. سەرۆكی شارەوانیی ئاگری داوایشی لە (سەرۆك بارزانی) كرد كە، هەموو لایەك هەوڵەكانیان بخەنە گەڕ بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی سەرۆكی شارەوانیی ئاگری كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا لەوەی دۆزی كورد بە ڕێكاری ئاشتیانە لە توركیا بەرەو پێشەوە چووە و، ئەوەی خستەڕوو كە، لە توركیا هەنگاوی باش بۆ كرانەوە و چارەی كێشەی كورد، نراوە.
(سەرۆك بارزانی)، لەبارەی خەباتی گەلی كورد ئاماژەی بەوە دا كە، خەباتی چەكداریی گەلی كورد لە پێناو بەرگریكردن لە مانەوە و پاراستنی ناسنامە بووە. ئێستا كە كورد توانی بە خەبات و كۆڵنەدانی خۆی ناسنامەی خۆی بپارێزێ، پێویستە لەڕێی سیاسی و، بە هۆی ئاشتییەوە مافەكانی مسۆگەر بكات.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە، "لە ئاشتیدا دەستكەوتی مەزنتر بە دی دێن و، بۆ سەرخستنی ئاشتییش دەبێ هەموو لایەك پشوودرێژ بین و دەبێ هاوكاری ئەو كەسانە بین كە دەرفەت بۆ ئاشتی دروست دەكەن. هەروەها نابێ بیانوو بدەینە دەست شۆڤێنی و فاشیستەكان بۆ ئەوەی لە ناوچەكەدا شەڕی نێوان نەتەوەكان هەڵبگیرسێنن. لەگەڵ ئەوەیشدا گەلی كورد تەعەدا لە كەس قبووڵ ناكات و لە بەرانبەر زوڵم و داگیركاریدا بەرگری لە خۆی دەكات."
(سەرۆك بارزانی)، بەرانبەر بە ئاییندەی گەلی كورد گەشبینیی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند كە، ئێستا گەلی كورد لە ئاستی جیهانیدا ناووبانگێكی زۆر باشی هەیە. كورد هەر لە كۆبانی هەتا خانەقین، بە ئیمكانیاتی كەم توانی بەرانبەر تیرۆریستان بوەستێ و، تێكیان بشكێنێت.
لەبارەی چوونی پێشمەرگەیشەوە بۆ كۆبانی هێمای بەوە دا كە، چوونی پێشمەرگە بۆ یارمەتیدانی كۆبانی، هەستی نەتەوەیی كوردانی بەرز كردەوە و یەكگرتوویی كوردی بەهێزتر كرد و ئەوەیشی دووپات كردەوە كە، "هێزی ئێمە لە یەكگرتووییماندایە و ئەگەر بمانەوێ گەلێكی ئازاد بین، دەبێ یەك بگرین."
لەبارەی ڕۆژئاوای كوردستانیش، (سەرۆك بارزانی) ئەوەی بۆ سەرۆكی شارەوانیی ئاگری باس كرد كە "جیۆگرافیای ڕۆژئاوا و دووربوونی ناوچە كوردییەكان لە یەكتر، وا دەخوازێ كە هەموو هێز و لایەنەكان لەگەڵ یەكتر بن. هەر لە سەرەتای قەیرانی سووریا بە كوردانی ڕۆژئاوامان ڕاگەیاند كە، بەیەكەوە بن و نەبنە دوو بەرە و، هەر بڕیارێك كە ئێوە بیدەن ئێمە پاڵپشتیتان دەكەین."
(سەرۆك بارزانی)، ئەوەیشی خستە ڕوو كە "لە دوای هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر ڕۆژئاوا، چۆن پاڵپشتی پێشمەرگە بووین، وەهایش هاوكار و پاڵپشتی ڕۆژئاوا بووین."
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) جەختی لەسەر پێویستیی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كردەوە.




