سەرۆك بارزانی: بۆ هەرێمی كوردستان و چین دەرفەتی كاری هاوبەش و هاوكاری هەیە

هەولێر-KDP.info- لە پێشوازیی کۆنسووڵی وڵاتی چیندا، (سەرۆك بارزانی) پێشوازیشی لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و چین كرد و ئاماژەی بەوەدا كە لە زۆر بواردا بۆ هەرێمی كوردستان و چین دەرفەتی كاری هاوبەش و هاوكاری هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە كۆنسووڵی گشتیی چین(تان بانگلین) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا كۆنسووڵی گشتیی چین سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ئامادەیی وڵاتەكەی نیشان دا، بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان چین و هەرێمی كوردستان.
كۆنسووڵی گشتیی چین جەختیشی كردەوە كە، بەهێزتربوونی پەیوەندیی ئابووری و فەرهەنگی و سیاسی، دەبێتە هۆی بەرزتربوونی ئاستی دۆستایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی چین. هەروەها هیوایشی خواست كە شاند و بەرپرسانی هەردوو لا بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان سەردانی یەكتر بكەن. كۆنسووڵی گشتیی چین هیوایشی خواست هەرێمی كوردستان لە ئاییندەدا سوود لە ئەزموونەكانی وڵاتەكەی لە بوارە جیاجیاكان وەربگرێ.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پێگەی سیاسی و ئابووریی چین و، هەروەها شارستانەتی ئەم وڵاتە، بڕیاری كردنەوەی كۆنسووڵخانەی وڵاتی چینی لە هەولێر بەرز نرخاند و بە سەرەتایەكی باشی لە قەڵەم دا بۆ پێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
(سەرۆك بارزانی) پێشوازیشی لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و چین كرد و ئاماژەی بەوەدا كە لە زۆر بواردا بۆ هەرێمی كوردستان و چین دەرفەتی كاری هاوبەش و هاوكاری هەیە.




