٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی هیوای خواست، بەرنامەی کاری وەزیری نەوتی عێراق هەنگاوێک بێت بۆ چارەسەری کێشەکان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆک بارزانی) تەئکیدی کردەوە کە، تیرۆریستان لە بەرانبەر پێشمەرگەی کوردستان خۆیان پێ ڕاناگیرێ و هیچ بستێک لە خاکی کوردستان لەژێر دەستیاندا نامێنێتەوە و ئازاد دەکرێن. هیوایشی خواست، بەرنامەی کاری وەزیری نەوتی عێراق هەنگاوێک بێت بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە بواری وزەدا.

ئەم قسانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ئەو دیدارەدا بوو کە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە سەڵاحەددین بە وەزیری نەوتی عێراق(عادل عەبدولمەهدی) ڕاگەیاندن.
له‌ دیدارەكەدا، سەرەتا وەزیری نەوتی عێراق خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخسانی دەرفەتی ئەو دیدارە دەربڕی و دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورانەی لە بەرەکانی شەڕ دژی تیرۆریستان وەدەستیان هێناوە و هیوای خواست بە زووترین کات تیرۆریستان لە هەموو عێراق تێک بشکێندرێن و ئارامی بۆ وڵات بگەڕێتەوە.
لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) پیرۆزبایی لە (عادل عەبدولمەهدی) کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی وەزیری نەوتی عێراقی فیدراڵ و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
سەبارەت بە بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستانیش (سەرۆک بارزانی) تەئکیدی کردەوە کە، تیرۆریستان لە بەرانبەر پێشمەرگەی کوردستان خۆیان پێ ڕاناگیرێ و هیچ بستێک لە خاکی کوردستان لەژێر دەستیاندا نامێنێتەوە و ئازاد دەکرێن، هیوایشی خواست بە زووترین کات بە هەماهەنگی و هاوکاریی هەموولایەک تیرۆریستان لە هەموو شوێنێک تێک بشکێندرێن و بۆ ئەوەش پێویستە هەنگاوی کردەیی بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی بگیرێتە بەر، چونکە ئەوە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش ئاسانتر دەکات.
هەر لە دیدارەکەدا وەزیری نەوتی عێراق ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە بواری وزە و سیاسەتی نوێی عێراقی لە بواری نەوت بۆ (سەرۆک بارزانی) ڕوون کردەوە و بە وردی باسی ڕەوشی ئابووری و سیاسیی عێراقی کرد.
له‌م رووه‌وه‌ (سەرۆک بارزانی) هیوای خواست بەرنامەی کاری وەزیری نەوتی عێراق هەنگاوێک بێت بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە بواری وزەدا. هەردوولایش ته‌ئكیدیان له‌ سه‌ر گرنگیی چالاككردنی دیالۆگی بنیاتنه‌ری نێوان لایه‌نه‌كان كرده‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ چاره‌ی ریشه‌یی بۆ سه‌رجه‌م كێشه‌كان به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌ستوور و ئه‌نجامی رێككه‌وتنه‌كانی نێوان هێز و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ له‌ بنیاتنانی وڵات و سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سیاسی و دیموكراتی له‌ ته‌واوی عێراقدا.

هەواڵی پەیوەندیدار