سەرۆك بارزانی و عەللاوی: بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی، پێویستە هەموو لایەك پابەندی دەستوور و ڕێككەوتنی نێوانیان بن

هەولێر-KDP.info- لە دیداری نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆككۆماری عێراقدا، پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوو كرا، جەختیش كرایەوە كە، بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی، پێویستە هەموو لایەك پابەندی دەستوور و ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان بن.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەڵاحەددین، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە جێگری سەرۆككۆماری عێراق(د. ئەیاد عەللاوی) كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان و سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
هەر لەم دیدارەدا پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوو كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی، پێویستە هەموو لایەك پابەندی دەستوور و ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان بن.
لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە، سەركەوتنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق، یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی تیرۆریستانی داعش زووتر تێك بشكێندرێن.




