٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی هەنگاریا: گەلی كوردستان و گەلی هەنگاریا لە خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركاراندا، مێژوویەكی هاوشێوەیان هەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)، هەردوو وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی هەنگاریا، وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆحی خۆڕاگریی گەلی كورد، باسی ئەوەیان كرد كە گەلی كوردستان و گەلی هەنگاریا لە خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركاراندا، مێژوویەكی هاوشێوەیان هەیە. ئەوان هاوکات هیوای ئەوەیشیان خواست كە، یادداشتێكی لێكتێگەییشتن لەنێوان هەردوولا مۆر بكرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەڵاحەددین، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی هەنگاریا كرد كە پێكهاتبوون لە وەزیری دەرەوە(ستێڤان میكۆلا) و وەزیری بەرگری(تاماس ڤارگا) و باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراقی فیدڕاڵ(تیبۆر ساتماری) و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سیاسی و ئابووریی حكوومەتی هەنگاریا.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی (سەرۆك بارزانی)-یان كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و گەشبینیی خۆیشیان نیشان دا بەرانبەر بە داهاتووی هەرێمی كوردستان و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانیان لە بواری ئابووری و بنیاتنان بەرز نرخاند. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆحی خۆڕاگریی گەلی كورد باسی ئەوەیان كرد كە گەلی كوردستان و گەلی هەنگاریا لە خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركاراندا، مێژوویەكی هاوشێوەیان هەیە.
شاندی میوان نیگەرانیی خۆیشیان لە بارودۆخی ئاوارەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق ڕاگەیاند و دەستخۆشیی هەرێمی كوردستانیان كرد كە بوونەتە پەناگەی ئاوارەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق دەپارێزن.
شاندی میوان سڵاوی سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەیان بە (سەرۆك بارزانی) گەیاند و ئاماژەیان بەوەدا كە سەردانی پێشووی (بارزانی) بۆ هەنگاریا و دیداریان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەنگاریا، بناخەیەكی پتەوی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هەنگاریا دامەزراند.
شاندی باڵای حكوومەتی هەنگاریا جەختیشی لەوە كردەوە كە هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و كردنەوەی كۆنسووڵخانە لە شاری هەولێر و كار و چالاكییەكانی كۆمپانییەكانی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستان، نیشانەی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بۆ هەنگاریا جێگەی بایەخێكی زۆرە و هیوای ئەوەیشیان خواست كە یادداشتێكی لێكتێگەییشتن لەنێوان هەردوولا مۆر بكرێت.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی سەرۆكوەزیرانی هەنگاریای كرد و هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو هاوكارییە سەربازییانە ڕاگەیاند كە لە لایەن هەنگاریاوە پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كراوە.
سەبارەت بە شەڕی تیرۆریستان و بارودۆخی مەیدانی (سەرۆك بارزانی) ئەوەی بۆ شاندی میوان باس كرد كە گەلی كوردستان هەر لە كۆبانێ هەتا خانەقین ڕووبەڕووی ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی ترسناك بووەتەوە، كە ئیمكانیات و چەكی دوو دەوڵەتی كەوتووەتە دەست، بەڵام هێزی پێشمەرگە هەر زوو هاوكێشەكەی لە بەرژەوەندیی كوردستان گۆڕی و ڕێگەی لە پێشڕەویی تیرۆریستان گرت و كەوتە هەڵوێستی هێرشبردن و، ئێستا پێشمەرگە لە قۆناخە كۆتاییەكانی هێرشبردن و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و دەركردنیانە لە خاكی كوردستان.
لە درێژەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) ئەوەی دووپات كردەوە كە تیرۆریستان هەڕەشەیەكی جیهانین بۆ هەموو گەل و وڵاتێك بۆیە لەناوبردنیان هەوڵێكی هەموو لایەكی پێویستە. هەروەها گوتیشی، نابێ هیچ پەناگەیەك لە هیچ شوێنێك بۆ تیرۆریستان بمێنێت و لە ڕووی سیاسی و ئابووری و فیكریشەوە پێویستە ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببینەوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئاستی چالاكیی كۆمپانییەكانی هەنگاریا و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا تاوتوو كرا و (سەرۆك بارزانی) ئامادەیی هەرێمی كوردستانی نیشان دا بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەنگاریا و هەرێمی كوردستان.
جێگەی ئاماژەیە لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم(فواد حوسێن) و وەزیری پێشمەرگە(مستەفا سەیدقادر) و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم(فەلاح مستەفا) ئامادە بوون.
 

هەواڵی پەیوەندیدار