سەرۆک بارزانی: شۆڤێنییەكان وایاندەزانی داعش رزگاركاریانە.. دەیانەویست دۆخەكە بگێڕنەوە بەر لە ساڵی 2003

خانەقین-KDP.info- لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی گەرمەسێر، (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند، شۆڤێنییەكان و نەیارانی گەلی كورد وایاندەزانی داعش رزگاركاریانە و دەتوانن بە هۆی داعشەوە ناوچە كوردستانییەكان داگیر بكەنەوە و دۆخەكە بگێڕنەوە بەر لە ساڵی 2003. هەروەها مەبەستێكی دیكەی پەلاماردانی كوردستان لە لایەن تیرۆریستانەوە ڕێگەگرتن بوو لە پێشكەوتن و بەهێزبوونی كوردستان، بەڵام بە هۆی خۆڕاگری و قارەمانەتیی پێشمەرگە هاوكێشەكە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان گۆڕا و ئەو خۆڕاگرییە وایكرد پێشمەرگە لە ئاستی جیهاندا ناوبانگی بەرز بە دەست بهێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆكی ەەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) بەمەبەستی بەسەركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاگاداربوون لە بارودۆخی مەیدانی و پێداویستییەكانی ەێزی پێشمەرگەلە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە كەركووك، خورماتوو، داقوق، قەرەتەپە، خانەقین و جەلەلا و سەعدیە، سەردانی شاری خانەقینی كرد و لەگەڵ بەرپرسی میحوەر و فەرماندە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری گەرمیان - خانەقین كۆ بووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا (سەرۆك بارزانی) لەوتەیەكدا سەرەتا دەستخۆشی لەخۆراگری هێزی پێشمەرگە كرد و سوپاسی قارەمانەتیی پێشمەرگەی لەو میحوەرانە كرد كە توانیویانە هێرشی تیرۆریستان تێك بشكێنن و ڕێگە لە نزیكبوونەوە و پێشڕەوییان بگرن و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی بەوەی سەردانی ئەم میحوەرەی كردووە و لە نزیكەوە چاوی بە پێشمەرگە كەوتووە. هەروهەا سڵاو و درودی خۆی بۆ ئەو شەهیدە قارەمانانە نارد كەلەپێناو سەروەریی وڵاتەكەیان و بەرگری لە خاك و ماف و كەرامەتی خەڵكی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا گیانی خۆیان فیدا كردووە.
(سەرۆك بارزانی) لەبارەی یارمەتیدانی دۆستان و وڵاتانی ئازاد بۆ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەدا، كە بەدەنگەوهاتن و یارمەتیدانی وڵاتانی دۆستی كوردستان لەبەر ئەوە بوو، كە پێشمەرگە و گەلی كوردستان بەرگری لە بەهاكانی ئازادی و پێكەوەژیان و لێبووردەیی دەكەن و بە هۆی ئەوە بوو كە هێزی پێشمەرگە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان دەپارێزێ.
هەر لەوتەكەیدا (سەرۆك بارزانی) باسی لەوەش كرد، كە ئێستا هێزی پێشمەرگە توانیویەتی رێگە لە پێشڕەویی تیرۆریستان بگرێ و پەلامارەكانیان تێك بشكێنێ و بكەوێتە هەڵوێستی هێرش بردن و زەبری كوشندە لە تیرۆریستانی داعش بوەشێنن.
(سەرۆك بارزانی) لەبارەی مەبەست و ئامانجی تیرۆریستان لە پەلاماردانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەدا كە، شۆڤێنیەكان و نەیارانی گەلی كورد وایاندەزانی داعش رزگاركاریانە و دەتوانن بە هۆی داعشەوە ناوچەكوردستانییەكان داگیر بكەنەوە و دۆخەكە بگێڕنەوە بەر لە ساڵی 2003. هەروەها مەبەستێكی دیكەی پەلاماردانی كوردستان لە لایەن تیرۆریستانەوە ڕێگەگرتن بوو لە پێشكەوتن و بەهێزبوونی كوردستان، چونكە دوژمن دەیویست سنوورێك بۆ ئەو پێشكەوتنانە دابنێ كە لە كوردستان بە دی هاتوون و دۆزی گەلەكەمان لاواز بكات، بەڵام بە هۆی خۆڕاگری و قارەمانەتیی پێشمەرگە هاوكێشەكە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان گۆڕا و ئەو خۆڕاگرییە وایكرد پێشمەرگە لە ئاستی جیهاندا ناوبانگی بەرز بە دەست بهێنێت.
(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی وتەكەیدا دووپاتی كردەوە، كە ئێستا گەلی كورد لە كۆبانێ تا خانەقین لە دژی تیرۆریستانی داعش شەڕ دەكات و ڕۆڵی پێشمەرگە لە بەهێزكردنی خۆڕاگری و بەرخودانی كۆبانێ بەرز نرخاند و بە مایەی سەربەرزی بۆ كوردستان لە قەڵەم دا.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بەرپرسە باڵاكانی پێشمەرگە و فەرماندە مەیدانییەكان (سەرۆك بارزانی)-یان لە بارودۆخی مەیدانی و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گەرمیان خانەقین ئاگادار كردەوە و (سەرۆك بارزانی)-یش ڕێنمایی و ئامۆژگاریی پێویستی لەبارەی چۆنییەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و دابینكردنی پێداویستییەكانی پێشمەرگە خستەڕوو. هەروەها فەرماندە مەیدانییەكانی میحوەری گەرمیان خانەقین، سوپاسی (سەرۆك بارزانی)-یان كرد بۆ بەجێگەیاندن و دابینكردنی هەموو ئەو داواكارییانەی لە كاتی سەردانی (سەرۆك بارزانی) لە جەژنی ڕەمەزان بۆ میحوەری خانەقین ئاراستەی (سەرۆك بارزانی)-یان كردبوو. هەر لەم دانیشتنەدا فەرماندە مەیدانییەكانی میحوەری گەرمیان خانەقین سەبارەت بە پێداویستییە هەنووكەییەكانی پێشمەرگە كۆمەڵێك داواكارییان خستەڕوو و (سەرۆك بارزانی)-یش دووپاتی كردەوە كە هەموو تواناكانی دەخاتە گەڕ بۆ دابینكردنی پێداویستی و داواكارییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا وەزیری پێشمەرگە(مستەفا سەید قادر) كە لەم سەردانەدا یاوەری (سەرۆك بارزانی) بوو لە وتەیەكدا سوپاسی خۆڕاگریی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد و ڕاگەیاند كە وەزارەتی پێشمەرگە لەپێناو پڕكردنەوەی پێویستییەكانی بەرەكانی شەڕ لە هەوڵی بەردەوام دەبێت بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە و هەر چییەك هێزی پێشمەرگە پێویستی بێت وەزارەتی پێشمەرگە بۆیان دابین دەكات.
جێگەی ئاماژەیە كە لەم كۆبوونەوەیەدا سەرپەرشتی هێزی پێشمەرگە لە شاری كەركووك(حەمەی حاجی مەحموود) و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم(فواد حوسێن) و جێگری وەزیری پێشمەرگە(ئەنوەر حاجی عوسمان) و (جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان و جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و فەرماندەی میحوەری خانەقین(مەحموود سەنگاوی) و فەرماندە و بەرپرسە مەیدانییەكانی پێشمەرگە و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و حیزبی و ئیداریی دەڤەری گەرمیان و خانەقین ئامادەی بوون.




