سەرۆک بارزانی: داهاتووی تیرۆریستانی داعش دۆڕانە و دیاردەیەكی كاتییە

هەولێر-KDP.info- (سەرۆك بارزانی) باوەڕی وایە کە، داهاتووی تیرۆریستانی داعش دۆڕانە و دیاردەیەكی كاتییە، جەختیشی كردەوە کە، دواجار هاووڵاتیان و دانیشتوانی ناوچەكە لە دژی تیرۆریستان ڕادەپەڕن، چونكە تیرۆریستان ئازادیی خەڵكیان زەوت كردووە و خەڵك قبووڵ ناكات هێزێك ئازادییان لێ بستێنێت.
ئەم لێدوانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، لە چوارچێوەی ئەو دیدارەدا بوو کە ئەمڕۆ دووشەممە لە سەڵاحەددین لەگەڵ سەرۆكئەركانی سوپای ئیتاڵیا ئەدمیراڵ (لویگی بینێڵی مانتێڵی) و شاندێكی یاوەری بوو كە لە ژمارەیەك پلەدار و ڕاوێژكاری سەربازیی سوپای ئیتاڵیا پێك هاتبوون، ساز درا.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی ئەركانی سوپای ئیتاڵیا سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ئەو پێشوازییەی لێی كراوە و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیا ئەوەی خستەڕوو كە لە وڵاتەكەی سۆزێكی تایبەتی بەرانبەر گەلی كوردستان هەیە. هەروەها دەستخۆشی لە (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگە كرد كە بەرگریی لە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان دەكەن و هێمای بەوەدا كە ئیتاڵیا بە شانازییەوە سەیری ڕۆڵی بوێرانەی پێشمەرگە دەكات و جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەوەی پێشمەرگە لەبەرانبەر تیرۆریستاندا كردوویەتی كارێكی گەورە و دەستكەوتێكی مەزنە.
لەبارەی پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیش سەرۆكئەركانی سوپای ئیتاڵیا ڕایگەیاند كە، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە هاوكاریكردنی پێشمەرگە و كار بۆ دابینكردنی چەكی باشتر و مەشقپێكردنی پێشمەرگە لە ئیتاڵیا و هەروەها كردنەوەی بنكەیەكی مەشقپێكردن لە كوردستان دەكات. سەرۆكئەركانی سوپای ئیتاڵیا ئەوەیشی باس كرد كە، لەپێناو بەهێزتركردنی هێزەكانی عێراق، ئیتاڵیا ئامادەیە هاوكاری و مەشق و ڕاهێنان پێشكەشی سوپای عێراقیش بكات.
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆكئەركانی سوپای ئیتاڵیا بە پێویستیشی زانی كە وڵاتانی ئەورووپایی ڕێوشوێنی گونجاو بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەو گەنجانەی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەكان تێكەڵ بوون، نەتوانن بگەنە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوكاری تیرۆریستان بن.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكئەركانی سوپای ئیتاڵیا و شاندی یاوەری كرد و جەختی لە دۆستایەتیی قووڵی گەلی كوردستان و ئیتاڵیای كردەوە و سوپاسی حكوومەت و گەلی ئیتاڵیایشی كرد كە لە كاتی تەنگانەدا پاڵپشتیی خۆیان بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاند و هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون.
(سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بە شەڕی تیرۆریستانی داعش دا و ئەوەی خستەڕوو كە گەلەكەمان هەر لە كۆبانی هەتا خانەقین، ڕووبەڕووی ترسناكترین ڕێكخراوی تیرۆریستیی بووەتەوە كە ئیمكانیاتی دەوڵەتێكی هەیە و چەكی دوو دەوڵەتیشی كەوتووەتە دەست. (سەرۆك بارزانی) هێمایشی بەوەدا كە پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان ئەركێكی مرۆڤی و نیشتیمانیی ئێمەیە و شانازیشیە كە ئێمە لە جیاتی هەموو جیهانی ئازاد شەڕی تیرۆریستان دەكەین.
لە درێژەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی خستەڕوو و ڕایگەیاند كە هێزی پێشمەرگە توانی هێرشی تیرۆریستان ڕابگرێت و خۆی بكەوێتە هەڵوێستی هێرشبردن و زەبری كوشندەی لە تیرۆریستانی داعش وەشاند.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی بۆ شاندی میوان شیی كردەوە كە، تیرۆر هەڕەشەیە بۆ هەموو گەل و نەتەوەیەك بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و لەناوبردنیان هەوڵێكی هەمەلایەنەی پێویستە. (سەرۆك بارزانی) داهاتووی تیرۆریستانی داعشی بە دۆڕاو و وەك دیاردەیەكی كاتی وەسف كرد و، جەختی كردەوە كە دواجار هاووڵاتیان و دانیشتوانی ناوچەكە لە دژی تیرۆریستان ڕادەپەڕن، چونكە تیرۆریستان ئازادیی خەڵكیان زەوت كردووە و خەڵك قەبووڵ ناكات هێزێك ئازادییان لێ بستێنێت.
لەم دیدارەدا سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان(فواد حوسێن) و وەزیری پێشمەرگە(مستەفا سەیدقادر) و سوپاسالاری عێراق(بابەكر زێباری) و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق فەریق ڕوکنی فڕۆکەوان(ئەنوەر حەمەدەمین) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێم(فەلاح مستەفا) و (جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان و جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.




