٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

ئەڵمانیا بۆ سەرۆک بارزانی دووپاتی دەکاتەوە، یارمەتیی سەربازییان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDp.info-  لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، كۆنسووڵی نوێی ئەڵمانیا دووپاتی كردەوە كە ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی یارمەتیی سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هەروەها هاوكاریكردنی هەرێم بۆ حەواندنەوەی ئاوارەكان. كۆنسووڵی نوێی ئەڵمانیا هیوایشی خواست كە، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەكان پێشكەوتنی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە لە سەڵاحەدین سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە كۆنسووڵی نوێی وڵاتی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر(گیۆرگ ئێنزوایلەر) كرد و لە دیدارەكەدا كە بە بۆنەی دەستبەكاربوون و خۆناساندن سەردانی (سەرۆك بارزانی) كردبوو، كۆنسووڵی نوێی ئەڵمانیا سوپاسی (سەرۆك بارزانی)ـی كرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەكە و ڕایگەیاند كە، زۆر ئاسوودە و خۆشحاڵە لە شاری هەولێر نوێنەرایەتیی وڵاتەكەی دەكات.

هەروەها ئاماژەیشی دا كە سەردانی چەندین شاندی باڵای ئەڵمانیایی بۆ كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا نیشانەی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخی وڵاتەكەیەتی. كۆنسووڵی نوێی ئەڵمانیا ئەوەیشی دووپات كردەوە كە ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی یارمەتیی سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هەروەها هاوكاریكردنی هەرێم بۆ حەواندنەوەی ئاوارەكان. كۆنسووڵی نوێی ئەڵمانیا هیوای ئەوەی خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەكان پێشكەوتنی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت.

لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی كۆنسووڵی نوێی ئەڵمانیای كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و كارەكانی بۆ خواست و سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەڵمانیایشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە و جەختیشی كردەوە كە، هاوكارییەكانی ئەڵمانیا كاریگەرییەكی باشی لە بەرەكانی شەڕدا هەبووە.

هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و هەڕەشەكانی تیرۆریستان و باری گوزەرانی ئاوارەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، (سەرۆك بارزانی) لەبارەی چارەسەركردنی گرفتی ئاوارەكان ئەوەی دووپات كردەوە كە چارەسەری بنەڕەتیی كێشەی ئاوارەكان ئازادكردنی ناوچەكانیان و گەڕانەوەی خەڵكە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
 

هەواڵی پەیوەندیدار