سەرۆک بارزانی و سەرۆککۆمار جەختیان لە پێویستیی پابەندبوونی لایەنەکان بە دەستوور کردەوە

هەولێر-KDP.info- لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵدا، وێڕای گفتوگۆکردن دەربارەی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەڕەشەی تیرۆریستان و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی تاقمی تیرۆریستیی داعش، ڕۆشنایی خرایە سەر پرۆسەی سیاسیی عێراق و جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە هەموو لایەک پابەندی دەستوور و ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان بن.
کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ(دکتۆر فوئاد مەعسووم) کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەڵاحەددین بەڕێوە چوو، تێیدا بە ڕاشکاوی باسی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا و کێشەکانی نێوانیان و ڕێگەکانی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە کرا. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستان و سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق خرایە بەرباس و گفتوگۆ. سەرۆككۆمار ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە وەدەرنانی تیرۆریستان لە بەنداوی مووسڵ و پاراستنی ئەم بەنداوە بەرز نرخاند.
سەرۆککۆماری عێراقی فیدڕاڵ دەستخۆشیی لە هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە بەم دواییانە لە بەرەکانی شەڕی دژی تاقمی تیرۆریستیی داعش سەرکەوتنیان وەدەست هێناوە. هەروەها سەرخۆشی لە کەسوکاری ئەو شەهیدانە کرد کە لە شەڕی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخشیوە.
بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و پێویستیی پاراستنی یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان تەوەرێکی دیکەی ئەو دانیشتنە بوو.




