فواد حوسێن: وڵاتانی عهرهب هێشتا داعشیان له ئیسلام بێبهری نهکردووه.. پێشڕهوییان به هۆی نهبوونی هاوسهنگیی هێزهوه بوو

هەولێر -KDP.INFO- سەرۆکی دیوانی سەرۆکایهتیی هەرێمی کوردستان(فواد حوسێن) ئاشکرای کرد، لەو هێرشەی ڕێکخراوی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و لە 7-تی ئەم مانگەدا نزیکبوونەوەی لە هەولێر، بە هۆی نەبوونی هاوسەنگیی هێز بووە، چونکە پێشتر داعش چەکی شەش فیرقەی سوپا و هیی پۆلیسیشی دەست کەوتبوو. هاوکات گلهیی ئهوه دهکات که سهرباری ئهو شهڕهی ثێشمهرگهی کوردستان که له جیاتی دراوسێکانیشه، به تایبهت وڵاتانی عهرهب، کهچی هێشتا سهرکۆنهی تاوانهکانی داعشیان نهکردوو لهو کردهوانهشییان له ئیسلام بێبهرییان کردوون.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایهتیی هەرێمی کوردستان (فوئاد حوسێن) لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا گوتی، "کاتێک باس لە چەک و تەقەمەنیی شەش فیرقەی سوپا دەکەین کە لە دەستبەسەرداگرتنی مووسڵ دەست داعش کەوتووە، باس لە هەزار ئۆتۆمبێلی درع و هەزاران تۆپی جۆراوجۆر و دوورهاوێژ دەکەین، هەروهها جبەخانەی چەکی قورس و سووک و پێداویستیی دیکەی سەربازییان بە هیی دەوروبەری سەڵاحەددینیشەوە کەوتبووە دەست.. پاش دەستکەوتنی هەموو ئەو چەکەیش، داعش هێرشیکی ڕێکخراویان کردە سەر هەندێ فیرقە و یەکە سەربازییەکانی سووریا لە نێو خاکی سووریادا و لەوێیش دەستیان بەسەر چەکی پێشکەوتوودا گرت کە مووشەکیشیان تێدایە. بەو واتایەی داعش زۆرترین چەکی پێشکەوتوو و بەهێزی لە هەردوو سوپای عێراق و سووریا دەست کەوت".
(فوئاد حوسێن) ئاماژەیشی دا "لە بەرانبەردا چەکی پێشمەرگە سادە و زۆرینەیشیان سووک و هیی بەرگری بوون، سەرباری ئەمەیش، پاش دەستبەسەرداگرتنی مووسڵ و ناوچەیەکی فراواندا، پێشمەرگە لە شنگالەوه تا خانەقین کە مەودایەکی زۆرە و 1500کم دەبێ، جێگیر کران، هەر ئەمەیش بوو کە بوو بە هۆی کێشەی هاوسەنگیی هێز، ئەمە لە کاتێکدا کە هێزەکانی داعش هەمیشە لە جووڵەدا بوون و چەکی پێشکەوتوویشیان پێ بوو، بەڵام هێزەکانمان لە مۆڵگەکانیاندا تەنیا چەکی بەرگرییان پێ بووە."
زیاتر گوتی، "پێش دوو هەفتە لە دەستبەسەرداگرتنی شنگال، قەزای تەلەعفەریان داگیر کردبوو، ئەمەیش دۆخێکی تایبەتی لە بەرژەوەندیی تیرۆریستاندا هێنایە ئاراوە، لەو کاتەیشدا زۆرینەی دانیشتووانی تەلەعفەر بە تایبەت تورکمانە شیعەمەزهەبەکان ڕوویان لە شنگال کردبوو، کە شارۆچکەیەکی هەژارنشینە و نزیکەی 100 کم لە هەرێمی کوردستانەوە دوورە.. لە دەوروبەری درێژایی 70 كم، هۆزە عەرەبە سوننەکان نیشتەجێن، چوونیش بۆ شنگال پێویستی بە ڕێگه هەیە، ئەگەر ئەو ڕێگهیە بە دەست هاوپەیمان و دۆستانمانەوە بووایە، ئەوا گەیشتنمان بە شنگال و هاوکاریی خەڵکەکەی ئاسان دەبوو، بەڵام بە داخەوە ئەو هۆزانە لێمان هەڵگەڕانەوە و بوون بە شوێنکەوتووی داعش و ئەو ڕێگهیە بووە ڕێگهیەکی دوژمنکارانە بۆ ئێمە. هاوکات گرفتی گەورە لە ڕێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و پڕۆسە سەربازییەکان لە شنگال هەبوو، لەبەر ئەوە داعش بە پشتیوانیی هۆزە عەرەبە سوننەمەزهەبەکان دەستیان بەسەر شنگالدا گرت، هەر ئەمەیش بووە هۆی داڕووخانی ناوچەکانی دەورووبەری شنگال، چونکە خەڵکەکە تاوان و سوکایەتییەکانی داعشیان بەرانبەر بە ئەو ناوچانەی پێشتر دەستیان بهسهردا گرتبوون، بیستبوو."
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم هاوکات دەڵێ، "داعش لە یەک کاتدا بە دوو شێوە شەڕ دەکات، هێرشی چەکداری و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن، کە 60 لە سەدی سەرکەوتنەکانی لە خوڵقاندنی دۆخی ترس و تۆقاندن بەرانبەر بە ژن و منداڵدایە، ئەوان شەڕ لەگەڵ سوپا ناکەن، بەڵکە سەرەتا دژ بە خەڵکی دەجەنگن، ئەم هۆکارانەیش دۆخێکیان خوڵقاند کە لێرە و لەوێ ورە دابەزێ، بەڵام پاش چەند ڕۆژێک لە بەشداریی هێزی سەربازیی ئەمەریکا لە مەیدانەکانی شەڕ، هاوكێشەی شەڕ گۆڕا."
(حوسێن) گوتیشی، "لە رۆژی یەکەمەوە لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریکا پێوەندیمان هەیە و لە گۆڕانکارییەکانی دۆخەکە و مەترسییەکانی ئاگادارمان کردوونەتەوە و بەشداری و هاوکارییان بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز گرینگ بوو."
ئەو هاوکات بەرپرسارەتیی ئەو دۆخە و کشانەوەی هێزەکانی سوپای عێراق دەخاتە ئەستۆی (نووری مالیکی)، بەوپێیەی کە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بووە، ڕێی داوە داعش دەست بەسەر مووسڵدا بگرێت. ئاماژەیشی دا کە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی)، پێش چەند مانگێک پێوەندیی بە (مالیکی)-یەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندووە کە داعش لە مووسڵە و بەهێزیشە، داوایشی لێ کردووە کە بۆ لهناوبردنی داعش هەماهەنگیی بکەن، بەڵام (مالیکی) وەها وەڵامی داوەتەوە "ئێوە لە هەرێم خەم لە خۆتان بخۆن و ئێمەیش خەم لە ناوچەکانی دی دەخۆین"، بهو جۆرهیش هەماهەنگییهكهی ڕەت کردەوه.
(فواد حوسێن) زیاتر ڕوونی کردەوە، "دەبێ بابەتەکان بۆ مێژوو بمێننەوە، بەر لە چەند ڕۆژێکی کەم لە دەستبەسەرداگرتنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە، (سەرۆک بارزانی) لە دەرەوەی عێراق بوو، لەسەر داوای ئەو و (نێچیرڤان بارزانی)، پێوەندییم بە (تاریق نەجم)-ی بەرپرسی نووسینگەی (مالیکی)-یەوە کرد کە هاوڕێی نزیکی (مالیکی)-یە، دەزانم کە ئەو بە ئاسانی پێی دەگات، پێم ڕاگەیاند و پێشنیازم بۆی کرد کە، لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیدا بێن بۆ هەولێر و زانیارییەکان بگۆڕینەوە و بڕیارێکی بەپەلە دەربارەی دۆخەکە بدەین، چونکە ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی مووسڵ لە لایەن داعشەوە مسۆگەرە، بەڵام ئەو لە نێوان وەڵامی جیددی و مەزاجدا، کە ئەو هاوڕێیشمە، پێی گوتم: سوێند دەخۆم کە ئەگەر ئێوە بچنە نێو مووسڵەوە، پاش ئارامبوونەوەی دۆخەكه لێی ناکشێنەوە.. منیش دەزانم ئەو بۆچوونە هیی (مالیکی)-یە و لە کۆبوونەوەیەکی پێشووتردا گوتبووی، ئەگەر پێشمەرگە بچێتە نێو مووسڵەوە لێی ناکشێتەوە، پێیم گوت: من پێوەندیم کردووە تا سەرۆکوەزیران لە مەترسیی دۆخەکە ئاگادار بکرێتەوە، ئێمە زانیاریمان هەیە و پێویستمان بە هەوڵی ئێوە هەیە و بێ هەماهەنگییش لەگەڵ سوپای عێراق ناتوانین بچینە نێو مووسڵەوە و فەوزا دروست دەبێ."
زیاتر گوتی، "سەعات دووی بەرەبەیانیی ڕۆژی دواتر یاخود پاش چەند سەعاتێک لە داگیرکردنی مووسڵ، (تاریق نەجم) پێوەندی پێوە کردم و یەکەم وشەم ئەوە بوو پێیم گوت: سوێند دەخۆم مووسڵ لە لایەن داعشەوە دەستی بەسەردا گیراوە، چیی ماوە؟ دۆخەکە تەواو تێک چووە."
یەکێک لەو نهێنیانەی دیکەیش کە (حوسێن) ئاشکرای دەکات ئەوەیە کە، "لە 10-ی تەممووزدا (حامد مووسەوی) لە نووسینگەی (مالیکی)-یەوە پێوەندیی پێوە کردم، کە ئەمە یەکەم پێوەندیی من و ئەو بوو لە ڕێی تەلەفۆنەوە، گوتی: من بە ناوی سەرۆکوەزیرانەوە قسە دەکەم و داواتان لێ دەکەم هێزەکانی پێشمەرگە بنێرنە ناو کەرکووک، چونکە داعش داگیری دەکات، گوتم: باشە بۆ ڕزگارکردنی کەرکووک دەچینە ناویەوە، بەو واتایهی هێزەکانمان لەسەر داوای (مالیکی) چوونە نێو کەرکووکەوە، ئەمەی له كاتێكدایه كه ئهگەر کەرکووکیش کەوتبووایە دەست داعشهوه، ئەوا کارەساتی گەورە بەسەر کورد و عەرەب و تورکانەکاندا دەهات".
گوتیشی، "دهستبهسهرداگرتنی كهركووك، بە واتای دەستبەسەرداگرتنی بۆرییهکی نەوت کە ڕۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا بۆ تورکیا ڕەوانە دەکرێ و 300 هەزاریشی لێوە ڕەوانەی بێجی دەکرێ. ئەمە ئامانجی ئەوان بوو، دەیانەویست دەست بەسەر کەرکووکدا بگرن تا پاڵاوتەی بێجی و بۆریی نەوت و کێڵگەکانیش لە دەستیاندا بێت، بەڵام پێشمەرگە کەرکووکی پاراست."
دەربارەی بەشداریی کورد لە حکوومەتی داهاتوویشدا، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، "برایانمان لە بەغدا دەبێ لەو وانانەی حکوومەتی پێشوو، بۆ پێکهێنانی حکوومەت و بەشداریی ئەوانی دیکە باش فێر بووبێتن و درک بە بەرپرسارەتیی خۆیان بکەن کە دۆخی عێراق تەواو گۆڕاوە و چینێک یان نەتەوە و مەزهەبێک بە تەنیا ناتوانێ حوکمی عێراق بکات، لێرە کورد، سوننە و شیعە، مەسیحی و تورکمان هەن، ئێمە بەشێک دەبین لە پرۆسەی سیاسی و حکوومەتی داهاتوو، شاندی دانوستانکاری ئێمە بە سەرۆکایەتیی (هۆشیار زێباری) بۆ ئەو مەبەست لە بەغدا دانوستانیان دەست پێ کردوون، ئێمە گەشبینین بەوەی ببین بە بەشێک لە چارە، وەک پێشتر بووین و هەرگیز بەشێک نەبووین لە قەیرانەکان".
ئەو هاوکات بە زمانی گلەییێکی توند دوا و گوتی، "هۆزە عەرەبەکان لە ناوچەکانمان و دەوروبەرمان، سەرباری هەموو ئەوەی پێشکەشمان کردوون، پشتیوانییان لە داعش کرد بۆ ئەوەی بمانکوژن، ژنانمان بڕفێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئێمە ئینسانییەتی خۆمان لە دەست نادەین و بەرانبەر بە عەرەب ناوەستینەوە، ڕقمان لێیان نابێتەوە و ئایدیۆلۆژیای دژایەتیی عەرەب ناهێنینە کایەوە، بەڵکە وابەستەی ئایدیۆلۆژیای کوردستانین کە لەسەر بنەمای لێبووردەیی و خۆشەویستییە. بەڵێ ئێمە بە هۆی عەرەبەوە بریندارین، ئێمە بەرگریمان لە هەموو عێراق، ئەردەن، کوێت و سعوودیە کرد، بە تەنیا و بە هاکاریی ئەمەریکا لەگەڵ داعشدا دەجەنگین و سەرقاڵمان کردوون تا داعش هێرشەکانی بەرفراوانتر نەکا و بەرەوڕووی دراوسێکانمان نەبێتەوە، سەرباری ئەمەیش هیچ وڵاتێکی عەرەبی پشتیوانییان نەکردووین، جگە لە ئەردەن کە هاوکاریی مرۆیی بۆ ناردووین و لوبنانیش وەزیری دەرەوەی ناردووە، هیچیان لەم ڕووەوە نەگوتووە، تەنانەت سەرکۆنەی تاوانەکانی داعشیان نەکردووە بەوەی بڵێن داعش نوێنەرایەتیی ئیسلام و عەرەب ناکات، بەڵام وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا کە لە ڕووی جیۆگرافی و کۆمەڵایەتی و مێژوویییەوە لێمانەوە دوورن، بەپەلە هاوکاریی مرۆیی و سەربازییان کردووین."
زریان زیاد




