٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ گه‌لى ئه‌مه‌ریكا و خانه‌واده‌کەى ده‌كات.. کوشتنی (فۆلى)، ڕه‌وشت و به‌ها و ئایدۆلۆژیاى ڕێكخراوى تیرۆریستیى داعشى ده‌رخست

سەرچاوە: KDP.info
سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان(نێچیرڤان بارزانى)

هەولێر-KDP.INFO-  سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان لە پەیامێکیدا بۆ گەلی ئەمەریکا، ڕایدەگەیەنێت، هه‌واڵى كوشتنى ڕۆژنامه‌نووسى بێتاوانى ئه‌مه‌ریكى (جه‌یمس فۆلى) له ‌لایه‌ن ڕێكخراوى تیرۆریستیى داعشه‌وه‌، كارێكى دڕندانه ‌و بێڕێزى بوو به‌رامبه‌ر ژیانى مرۆڤ و هه‌ست و سۆزى خانه‌واده‌ و دۆستانى ئه‌و و ته‌واوى جیهان.

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانى:
"ئێمه‌ تا ئێستایش غه‌مبار و تاساوین به‌ بیستنى هه‌واڵى كوشتنى ڕۆژنامه‌نووسى بێتاوانى ئه‌مه‌ریكى به‌ڕێز جه‌یمس فۆلى له ‌لایه‌ن ڕێكخراوى تیرۆریستیى داعشه‌وه‌. ئه‌مه‌ كارێكى دڕندانه ‌و بێڕێزى بوو به‌رامبه‌ر ژیانى مرۆڤ و هه‌ست و سۆزى خانه‌واده‌ و دۆستانى ئه‌و و ته‌واوى جیهان. كارێك بوو كه‌ ڕه‌وشت و به‌ها و ئایدۆلۆژیاى ڕێكخراوى تیرۆریستیى داعشى ده‌رخست،  تێگه‌یشتن له‌ كردارێكى وا قێزه‌وه‌ن، زۆر سه‌خته‌.

هاوشێوه‌ى به‌ڕێز فۆلى، سه‌دان خه‌ڵكى دیكه‌ى بێتاوان له‌ پێكهاته‌ى ئێز‌یدى و مه‌سیحى به‌ هه‌مان شێوه‌ى دڕندانه‌ له ‌لایه‌ن ڕێكخراوى تیرۆریستى داعشه‌وه‌ كوژران. هیچ وشه‌یه‌كى به‌هێز بۆ پێناسه‌كردنى ئه‌م كرداره‌ نامرۆڤانه‌یه‌ نیه‌، ئه‌و كرداره‌ى ڕووى ڕه‌شى ئه‌م ڕێكخراوه‌ى نیشان دا كه‌ ئێمه‌ ئه‌مڕۆ ڕووبه‌ڕووى بووینه‌ته‌وه‌. هیچ گومانم نییه‌ كه‌ ئه‌م ڕێكخراوه‌ له‌م جه‌نگه‌دا له‌ناو ده‌چێ و سه‌رشۆڕییان بۆ ده‌مینێته‌وه‌.

پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیى خۆم ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ى به‌ڕێز جه‌یمز فۆلى و ته‌واوى گه‌لى ئه‌مه‌ریكا بۆ له‌ده‌ستدانى ئه‌م ڕۆڵه‌ ئازایه‌یان ده‌كه‌م؛ كه‌ ده‌یوست لایه‌نه‌ ترسناكى شه‌ڕ و ناكۆكی و مردنى مرۆڤ تۆمار بكات. به‌ڕێز جه‌یمز فۆلى ڕۆژنامه‌نووسێكى پرۆفیشناڵ و ڕێزڵگیراو بوو كه‌ ژیانى خۆى خسته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ به‌ به‌كارهێنانى كامیراكه‌ى تاكو ئازار و مه‌ینه‌تیى خه‌ڵكى سڤیلى سووریا نیشانى هه‌موو جیهانى بدات.

نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
21ى ئابى 2014"
 

هەواڵی پەیوەندیدار